له‌پاڵ جێبه‌جێكردنی یاسای خانه‌نشینی ژماره نۆ له عێراق، له‌م مانگه‌وه له كوردستان چووه‌ته واری جێبه‌جێكردن ده‌بێت به‌شێكی زۆر له‌و فه‌رمانبه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییانه كه ته‌مه‌نی 60 ساڵیان ته‌واو كردووه خانه‌نشین بكرێن.
به گوێره‌ی یاسای خانه‌نشینی ژماره‌ی نۆی عێراق، ته‌مه‌نی خانه‌نشینی 60 ساڵه له‌كاتێكدا پێشتر له كوردستان 63 ساڵ بوو، بۆیه به جێبه‌جێكردنی یاساكه كه ئه‌م مانگه هاوتا كرا، ده‌بێت ئه‌و فه‌رمانبه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌ی ته‌مه‌نی 60 ساڵیان تێپه‌ڕاندووه خانه‌نشین بكرێن.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی "وشه" ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان له‌مانگی ته‌مووزه‌وه، گشتاندنی بۆ دامه‌زراوه‌كان كردووه كه ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی 60 ساڵیان تێپه‌ڕاندوو ناوه‌كانیان ئاماده بكرێ تا له‌گه‌ڵ هاوتاكردنی مووچه‌ی خانه‌نشینی ئه‌وانیش خانه‌نشین بكرێن.
مووچه‌ی چه‌ند رۆژی رابردووی خانه‌نشینی به گوێره‌ی یاسای ژماره‌ی نۆی خانه‌نشینی له عێراق دابه‌ش كرا، ئه‌وه‌یش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه یاساكه له كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێت.
محه‌مه‌د قادر شاره‌زایی كارگێری بۆ "وشه" گوتی، له‌م هه‌فته‌یه‌وه له دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت رێككاره‌كانی خانه‌نشین كردنی ئه‌و فه‌رمانبه‌ر و پله تایبه‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رانه ده‌ست پێ ده‌كات كه ته‌مه‌نی 60 ساڵیان تێپه‌ڕاندووه.
باسی له‌وه‌یش كرد كه فه‌رمانبه‌ر هه‌یه له كوردستان ئێسته ته‌مه‌نی 62 ساڵه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی یاساكه تازه جێبه‌جێ ده‌كرێت، بۆیه پێشتر خانه‌نشین نه‌كراوه.