دیمانه‌كه‌ی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "عه‌ره‌بییه" و "حه‌ده‌س" پرسی گرنگی له‌خۆی گرتووه، یه‌كێك له‌و پرسانه باسی پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه"یه و سه‌رۆك وه‌زیران بۆچوونی وایه، كاره‌كانی ئه‌وان خزمه‌ت به ناوچه‌كه ناكات.
هه‌روه‌ها گوتی، خه‌ڵكی كوردستان بڕیار ده‌دات كه كێ هه‌ڵده‌بژێرێت و كێ هه‌ڵنابژێرێت، ئایا ئه‌و خه‌ڵكه ئه‌و لایه‌نه هه‌ڵده‌بژێرێت كه كار له‌سه‌ر دابه‌شكاری و هه‌ڵوه‌شانه‌وه ده‌كات، یان ئه‌و لایه‌نه كه كار له‌سه‌ر ئاوه‌دانكردنه‌وه و پێشخستن ده‌كات؟.
لەبارەى پرسی پارتی كرێكاران و رێكه‌وتننامه‌ی شنگال، سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان رای گه‌یاند، بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان نه خزمه‌ته به‌وان و نه به هه‌رێمی كوردستان و نه به ئاسایشی ناوچه‌كه، به‌تایبه‌ت له ناوچه‌یه‌ك بڵاوبوونه‌ته‌وه كه هیچ پێوه‌ندییه‌كی به ئه‌جێندای سیاسییانه‌وه نییه، هه‌ر بۆ نموونه له شنگالن له شنگال چی ده‌كه‌ن؟ له خانه‌قین چی ده‌كه‌ن؟ كه دووره له سنووره‌كانی توركیاوه، به ڕاشكاوی بوونیان هه‌ستیارییه‌كی زۆری بۆ وڵاتی توركیای دراوسێ دروست كردووه، زۆرینه‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی سوپای توركیا له ناوچه سنوورییه‌كانن، هه‌ندێك جاریش قوڵایی خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌نه ئامانج، پاساوه‌كه‌شیان بوونی په‌كه‌كه‌یه.
"ئێمه رێكه‌وتنی شنگالمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ‌دا هه‌یه كه به‌داخه‌وه تاوه‌كو ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراوه، له یه‌كێك له خاڵه‌كانیدا هاتووه، نابێت هیچ دیارده‌یه‌كی سه‌ربازی له شاره‌كه‌دا بمێنێت، ده‌بێت هه‌موو گرووپه نایاساییه‌كان له‌و شاره بچنه ده‌ره‌وه، ته‌نیا هێزی ئه‌منی فه‌رمی و پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه بن، به‌ڵام به‌رده‌وامی ئه‌و دۆخه‌ی كه ئێستا هه‌یه، رێگری له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه كردووه و پێویسته رێكه‌وتنه‌كه جێبه‌جێ بكرێت، كێشه‌ی ئه‌و ناوچانه كۆتایی پێ بهێنرێت كه پێی دەگوترێت ناوچه‌ی كێشه له‌سه‌ر" سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان وا ده‌ڵێ.
لەبارەى پێوەندیی هه‌ندێك لایه‌ن له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه و باره‌گاكانیان له سلێمانی، سه‌رۆك وه‌زیران گوتی: هیوادارم پرسیار له‌وان بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌م سیاسه‌ته له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا نییه و پێویسته پێداچوونه‌وه به‌م سیاسه‌ته‌دا بكه‌ن، ئێمه له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تین بۆ مافی خه‌ڵكی كوردستان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كرده‌وه‌ی تێكده‌رانه‌دا نین نه لێره و نه له هیچ شوێنێك.
لەبارەى پێویستیی مانه‌وه یان كۆتاییهاتنی ئه‌ركی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له عێراق له‌به‌ر رۆشنایی بوونی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش له‌سه‌ر عێراق، سه‌رۆك وه‌زیران رای گه‌یاند: هێشتا مه‌ترسی تیرۆریزم له‌سه‌ر عێراق كۆتایی نه‌هاتووه، به‌تایبه‌ت داعش، داعش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی رژده له‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق و ناوچه‌كه، چونكه پێشتر رێكخراوی قاعیده له‌و ناوچانه بووه و به‌ر له‌هاتنی داعش‌یش گرووپی ئه‌نساری سووننه، هه‌ریه‌كێك له‌و گرووپانه كه بووه‌ته شوێنگره‌وه‌ی ئه‌وه‌ی تر شه‌ڕانگێزتر و مه‌ترسیدارتر بووه، به‌شێك له عێراقییه‌كان بوونه به‌شێك له داعش بۆ ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ی خۆیان بكه‌نه‌وه به‌شێك له ناوچه‌كان رووبه‌ڕووی گۆڕینی دیموگرافی ناوچه‌كانیان بوونه‌وه، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا یاسا توانیویه‌تی رێگری له گه‌نده‌ڵی و بڵاوبوونه‌وه‌ی بێكاری و هه‌ژاری و به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری بكات؟ بۆیه له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه به‌شێك له خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه خزانه نێو گرووپه تیرۆریستییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ی ئه‌و نادادپه‌روه‌ری و سته‌مه بكه‌نه‌وه كه لێیان كراوه.
"ئه‌مڕۆ دۆخی عێراق باشتره و توانای هێزه تەناهییەکانیش باشتره، به‌ڵام ئایا توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه رووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر ببنه‌وه؟ بێگومان تاوه‌كو ئێسته به‌و ئاسته نه‌گه‌یشتوون، چونكه مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر ته‌نیا له داعش كۆ ناكرێنه‌وه، هۆكاری زۆر هه‌ن كه ئه‌و هێزانه ناتوانن به‌ره‌نگاری مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر ببنه‌وه، ئه‌و هێزانه هێشتا پێویستیان به ڕاهێنان و راوێژی هێزه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه، به‌ڵام شێوازی ئه‌و پێوه‌ندییانه له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی یان له چوارچێوه‌ی رێكه‌وتنێكی تردا رێك ده‌خرێته‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی كه عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌دا ده‌یكات، به‌ڵام هیوادارم به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق له سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندییه لاوه‌كییه‌كانی تر ره‌چاو بكرێت" سه‌رۆك وه‌زیران وای گوت.
لەبارەى پرسی زێده‌ڕۆیی هه‌ندێ لایه‌ن له‌سه‌ر پڕچه‌ككردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان رای گه‌یاند: پێم سه‌یره خه‌ڵێك وا هه‌ست بكات خاوه‌نی عێراقه و خێرمان پێ بكات له‌وه‌ی كه ده‌بێت ئێمه چیمان پێویسته و چیمان پێویست نییه، یان له‌كوێ ده‌سه‌ڵاتمان ده‌ست پێ ده‌كات و له كوێ كۆتایی دێت، ئێمه ده‌مانه‌وێت هه‌موو ئه‌و مافانه‌مان هه‌بێت كه لایه‌نی تریش ده‌یانه‌وێت، ئه‌گه‌ر كه‌سێك یان لایه‌نێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌م تێڕوانینه یه‌كسانیخوازه‌یه، ئه‌وا كێشه‌یه‌كی قوڵی هه‌یه پێویسته چاره‌سه‌ری بكات، پێشمه‌رگه هێزێكی دانپێنراوه له ده‌ستوور و كه‌سیش ناتوانێت رۆڵی پێشمه‌رگه له دابینكردنی ئاسایش و سه‌قامگیری بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق په‌راوێز بخات، هه‌ر چه‌كێك كه پێشكه‌ش به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌كرێت، واتای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه پشتیوانی له به‌هێزكردنی سیستمی به‌رگریی عێراق ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌م تێڕوانینه بیر ده‌كاته‌وه، خاوه‌نی عه‌قڵیه‌تێكی شۆڤێنییه كه پێم وانییه له خزمه‌تی خه‌ڵك و گه‌لی عێراقدا بێت.
له‌باره‌ی هه‌وڵ و ده‌نگۆكانی دابه‌شكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌ن، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان گوتی، ناكرێت به پێوه‌ری میزاجی كه‌سی رێڕه‌وی هه‌رێمی كوردستان دیاری بكه‌ین، هه‌رێمی كوردستان هه‌رێمێكی ده‌ستوورییه و دابه‌ش نابێت و یه‌ك هه‌رێمه، هه‌روه‌ها هیچ لایه‌نێكی سیاسی ناتوانێت تاكڕه‌وانه ئه‌م بڕیاره بدات، ئێمه هه‌ڵبژاردنمان له‌پێشه، خه‌ڵكی كوردستان بڕیار ده‌دات كه كێ هه‌ڵده‌بژێرێت و كێ هه‌ڵنابژێرێت، ئایا ئه‌و خه‌ڵكه ئه‌و لایه‌نه هه‌ڵده‌بژێرێت كه كار له‌سه‌ر دابه‌شكاری و هه‌ڵوه‌شانه‌وه ده‌كات، یان ئه‌و لایه‌نه كه كار له‌سه‌ر ئاوه‌دانكردنه‌وه و پێشخستن ده‌كات.