ئەمەریكا بۆ عێراق: دەست بە چالاككردنەوەی بۆریی نەوتی جەیهان بکەن

:: PM:10:34:23/09/2024 ‌
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، وڵاتەكەی داوای چالاككردنەوەی بۆریی نەوتی جەیهان لە عێراق دەكات لەپێناو هاندانی وەبەرهێنانی بیانی. 

ئەمڕۆ دووشەم 23ی ئەیلوولی 2024، لە بەیاننامەیەكی ماتیۆ میللەری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكادا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئەنتۆنی بلینكن و محەمەد شیاع سوودانی لە نیۆرك كۆبوونەوە و لە كۆبوونەوەكەدا باس لە گرنگیی دوورخستنەوەی پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە كراوە، دووپات لە گرنگیی هاوئاهەنگیی ستراتیجی لە نێوان عێراق و ئەمەریكاش كراوەتەوە و لە ناویشیاندا هاوكاری لەپێناو گەشەسەندنی ئابووری و بەردەوامیدان بە گرنگیی دروستكردنی پێوەندی لە نێوان گەلی هەردوولا. 

بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتیان لە گرنگی كاری هاوبەش كردووە بۆ پاراستنی رەوشی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی و باس لە گفتوگۆكانی نێوان هەردوولاش كراوە لەبارەی گۆڕانكاری لە ئەركی هاوپەیمانان دژی رێكخراوی تیرۆرستی داعش لە عێراق. 

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی كردووەتەوە لە گرنگیی پێویستی كارا كردنەوەی هێڵی نەوتی عێراق - توركیا ئەمەیش لە پێناو گرنگی دان و هاندانی وەبەرهێنانی بیانی لەپێناو پێشكەوتنی ئابووریی عێراق.


وشە - پۆڵا مەحموود