رێگە نوێیەكە.. دووریی هەولێر- كۆیە دەكاتە كەمتر لە نیو سەعات

:: PM:03:35:29/09/2024 ‌
خەتاب قادر دەروێش بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەولێر، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ "وشە" رای گەیاند، رێگەی جووتسایدی هەولێر - كۆیە دەبێتە یەكێك لە رێگە گرنگەكان و بە پێنج قۆناغ جێبەجێ‌ دەكرێت، چەندان پرد و ژێر پرد لە رێگەكەدا هەیە.

درێژیی ئەو رێگە نوێیە چەندە؟
ئەو رێگەیە بەپێی ئەو نەخشەیەی بۆی دانراوە، 66 كیلۆمەترە و یەكێك دەبێت لە رێگە گرنگەكان كە هەفتەی رابردوو سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە خەڵكی شارەكەی راگەیاند.

ماوەی هاتوچۆ چەند كەم دەكاتەوە؟
بە تەواوبوونی ئەو رێگەیە دەتوانین بڵێین ماوەی هاتوچۆ بۆ نیوەی ئێستە كەمتر دەكاتەوە، چونكە ئەو رێگەیە بەپێی دروستكردنەكەی لێخوڕین 100 كیلۆمەتر دەبێت لە سەعاتێك، لە دەروازەی كەسنەزان تا دەروازەی كۆیە ئەو رێگەیە 52 كیلۆمەترە، بۆیە بە كەمتر لە نیو سەعات دەتوانرێت هاووڵاتی لە هەولێرەوە بچێتە كۆیە و بە پێچەوانەیشەوە.

تێچووی رێگەكە چەندە؟
بەپێی ئەو نەخشەیەی دانراوە و بڕیارە كاری لەسەر بكرێت، تێچووی ئەو رێگەیە 435 ملیار دینار دەبێت و یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكان.

جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە بە چەند قۆناغی دەبێت؟
پڕۆژەكە بە پێنج قۆناغ جێبەجێ‌ دەكرێت، قۆناغی یەك و دوو و سێ‌ تا دەروازەی كۆیە دەبێت كە درێژییەكەی 52 كیلۆمەترە، دوو قۆناغەكەی تریش تا سەر جووتسایدی هیزۆپ دەبێت كە دەكەوێتە پشت چیای هەیبەسوڵتان.

نەخشەی نوێ‌ كە بۆ رێگەكە دانراوە یان ئەو جووتسایدەی كە بڕیار بوو دروست بكرێت لە شوێنی ئەو دەبێت؟
ئەو رێگەیە لە هەمانی رێگەی پێشوو بڕیار بوو دروست بكرێت دەست پێ‌ دەكات، نەخشەكەش بەهەمان نەخشەی پێشووە.

ئەو رێگەیە پانییەكەی چەندە و شوفێران دەتوانن خێرای لێخوڕینەكەیان چەند بێت؟
ئەو رێگەیە پانییەكەی 30 مەتر و جووتسایدە، لێخوڕین لەو رێگەیە تا 100 دیاری كراوە و شوفێر دەتوانێت لێبخوڕێت، ئەوەیش ماوەكەی نێوان هەولێر و كۆیە زۆر كەم دەكاتەوە.

ئەو رێگەیە چەند بەرزەپردی تێدایە؟
ئەو رێگەیە بەپێی ئەو نەخشەیەی دانراوە، تونێلێك و دوو بەرزەپرد و بەرزەپردی ئاستی جیاوازی تێدایە، رەنگە لە كاتی كاركردن بەپێی سیاسی نوێی كاركردن لە رێگەكان گۆڕانكاری تێدا بكرێت.

تا ئێستە چ هەنگاوێك بۆ جێبەجێكردنی نراوە و چ كۆمپانیایەك بۆ جێبەجێكردنی دیاری كراوە؟
تا ئێستە پڕۆژەكە بە هیچ كۆمپانیایەك نەدراوە، بەڵام بە رژدی كاری تێدا دەكرێت بۆ ئەوەی سەرجەم رێكارەكان بەخێرایی تەواو بكرێن.







وشە - رامیار جەواد