ئاسایشی خۆراك لە عێراق مەترسی لەسەرە و حكوومەتیش دەڵێت: ئازووقەیان تا كۆتایی ساڵ هەیە

:: AM:11:39:05/10/2024 ‌
بەهۆی بوونی بەبەشێك لە شەڕی ناوچەكە، خەڵكی عێراق نیگەرانن كە خۆراكی پێویستیان دەست نەكەوێت، بەڵام وەزیری بازرگانیی عێراق ڕای گەیاند:  ئازووقەیان تا كۆتایی ساڵ هەیە.

ئەمڕۆ شەموو پێنجی تشرینی یەكەم، ئەسیر داود، وەزیری بازرگانی عێراق لەبارەی نیگەرانییەكانی خەڵكەوە ڕای گەیاند، هاووڵاتییانیان دڵنیا دەكەنەوە هیچ مەترسییەك لە ئایندەی خۆراك لە عێراق نییە، هێندە ئازووقەمان هەیە كە تا كۆتایی ساڵ بەشمان دەكات.

ئەو گوتانەی وەزیری بازرگانی عێراق لە كاتێكدایە، مەترسی هەیە ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە بگاتە عێراق و كەمیی خۆراك ڕوو لە وڵاتەكە بكات.

بەهۆی هەڕەشەكانی ئیسرائیلەوە خەڵك لە داهاتوویان لە عێراقدا نیگەرانن و پێیان وایە، ئەو وڵاتە تووشی قەیرانی نوێ دەبێت و ئاسایشی خۆراك دەكەوێتە مەترسییەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە كازم فەرتوسی گوتەبێژی كەتیبەكانی حزبوڵلای عێراقی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ئێكس" لە پۆستێكدا ڕای گەیاند: "ئەگەر شەڕی وزە هەڵگیرسێت، دنیا بێبەش دەكەن لە 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە كە لە كەنەداوەوە تێدەپەڕێت".

فەرتوسی ڕاشیگەیاند "دەستووری عێراقی ڕێگرییان لێ ناكات لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژیەكانی ئیسرائیل، هەروەها دنیا  لەبەردەم دوو هەڵبژاردەدایە یان ئەوەی هەمووان سوود لە وزە وەربگرن یاخود كەس سوودی لێ وەرنەگرێت".




وشە - سۆران عەزیز