پارتی پێش دەستنیشانكردنی وادەی هەڵبژاردنی كوردستان، باسی ئەو مەترسییانەی كردبوو كە لەسەر پرۆسەكە هەن و لە زاری گوتەبێژەكەیەوە بۆ چەندان جار ئەوەیان دووپات كردەوە، "با هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام هیچ جۆرە دەستوەردانێكی نایاسایی لە هەڵبژاردنەكان قبووڵ ناكەن و بە پێویستی دەزانن هەموو كەموكوڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاساییەكان، لە شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن و ڕاست بكرێنەوە".
بەیاننامە و گوتەكانی پارتی لەو ماوەیەدا دەرخەری ئەوە بوون كە پلانێك لە پشتی هەڵبژاردنەكانەوە ئامادەیە، ئەمڕۆش لە بڵاوبوونەوەی تەلەفۆنێكی بافڵ و قوباددا ئەوە سەلمێنرا كە ئەوان بەهاوكاری گرووپە دەسەڵاتدارەكانی شیعەی عێراق، پلانێكی وردیان بۆ سەرخستنی یەكێتی لەو هەڵبژاردنەدا هەیە.
لە تۆمارە دەنگییەكەی بافڵ و قوباددا ئەوە دەردەكەوێت كە زۆر بێ منەتن لە دەنگدانی ئەندام و كادر و خەڵكی یەكێتی، تەنانەت بافڵ دەڵێت: پێویستمان بە دەنگی هیچ خوێڕییەك نییە و شەهید و پێشمەرگە هیچ بۆم گرنگ نین و دەچن دەنگ بە لاهوور یان هەر كەسی تر دەدەن گرنگ نییە.
لە تۆمارەكەی دوو براكەدا، قوباد باسی مەترسی ئەو ساختەكارییە دەكات و بەبافڵ دەڵێت: دەبێت زۆر ئاگادار بین و وا پێشانی بدەین كە بەدەنگی هەقیقی خۆمان دەرچووین.
بافڵ لە وەڵامدا دەڵێت، ئێمە 30 كورسیمان بۆ مسۆگەر كراوە، ئەوی تریشی چەند كورسییەك دەهێنین و وا دەكەین لووتی پارتی بشكێنین.
لە هەمان تۆماری دەنگیدا قوباد دەپرسێت، سەردانەكەت بۆ لای دراوسێكانمان كە رەنگە مەبەستی ئێران بێت چۆن بوو؟ بافڵ لە وەڵامدا دەڵێت، خەمت نەبێت ئەوان لەگەڵ بارزانییەكاندا ئارامیان نەماوە.
بەو پێیەی لەو تۆمارە دەنگییەدا باسی لەناوبردنی كورسیی كۆتاكان دەكەن و وەك خۆشیان دەڵێن، بەڵێنیان پێ دراوە ئەو 11 كورسییە نەمێنێت، بۆیە دەبێت تۆمارەكە هی پێش هەوڵەكەیان بێت بۆ لابردنی كورسیی كۆتاكان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، ئەوەبوو دواتریش بەڕێگەی عێراق و دەزگاكانیەوە، توانیان كورسیی كۆتاكان بگۆڕن و دواتر بەفشار دادگای باڵای فیدراڵی كورسییەكانی بەدڵی ئەوان رێكخستەوە.
لە تۆمارەكەدا قوباد ئاگارداری بافڵ دەكاتەوە كە ئەو هەوڵە دەبێت بەنهێنی بمێنێتەوە و نابێت پارتی پێی بزانێت، ئەگەرنا فشار لە بەغدا دەكەن و كارەكانمان لێ خراپ دەكەن، بەڵام بافڵ لە وەڵامدا دەڵێت، خەمت نەبێت پارتی هیچی پێ ناكرێت، ئێمە بەهۆی پاڵپشتیی دراوسێكەمانەوە كە مەبەستی ئێرانە، بە یەك سەردان بۆ بەغدا كارەكان لە بەرژەوەندیی خۆمان دەگۆڕین.
ئەم كارانەی ئەو دوو برایە پێشتر پارتی هەستی پێ كردبوو كە لە شوێنی ترەوە بەرنامەیان بۆ دانراوە و دەیانەوێت دەستكاری ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بكەن، بۆیە پارتی بەفەرمی چەندان جار گوتی، "دووپاتی دەكەینەوە كە پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردنێكی دەستووری و شەفاف و بێگەردە و ئەگەر هەڵبژاردن بۆ كاتێكی تریش دوا بخرێت، دەبێ ئەو ڕاستكردنەوە دەستووری و یاسایی و تەكنیكییانە ئەنجام بدرێن كە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد پێویستە، نابێت پلانی تر لەسەر خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكرێت و دەستكاری ئیرادە و هەڵبژاردنیان بكرێت".