شەوانە زیاتر لە ملیۆنێك كەس لە ئیستانبوڵ بە برسێتی دەخەون

:: AM:08:54:09/10/2024 ‌
برسێتی زۆری بۆ خەڵكی توركیا هێناوە و بەڕێوەبەرانی "دەم پارت"یش دەڵێن، شەوانە یەك میلۆن كەس تەنیا لە ئیستانبوڵ بە برسێتی دەخەون.

هاوسەرۆكی پارتی یەكسانی و دیموكراتیی گەلان "دەم پارتی " رای گەیاند، ملیۆنان كەس لە توركیا برسین و برسێتی تەنگی بەژیانی هاووڵاتییانی توركیا هەڵچنیوە.

تولای حاتیمئۆغوڵاری هاوسەرۆكی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان "دەم پارتی"، لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی ئاماژەی بە قەیرانی دارایی و گرانی لە باكوری كوردستان و توركیا كرد و گوتی، "لە سایەی ئەم سیستمە خراپەی هەیە، بەرهەمهێنەر و بەكاربەرانیشمان برسین، لە توركیا ملیۆنان كەس توانای دابینكردنی پێداویستییەكانی ژیانیان نییە، تەنیا لە ئیستانبوڵ هەموو شەوێك یەك ملیۆن كەس بە سكی برسییەوە دەچنە ناو جێگا و دەخەون".

هاوسەرۆكی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان گوتی، رۆژ بە رۆژ نرخی شتومەك و پێداویستییەكان بەرز دەبنەوە، خەڵكی وڵاتەكەمان رۆژ بە رۆژ توانای كڕین لە دەست دەدەن. دەرگای قوتابخانەكان كراونەتەوە و خێزانەكان پارەی گەیاندنی منداڵەكانیان نییە بە قوتابخانە. توانای كڕینی خواردنیان نییە بۆ منداڵەكانیان.

هاوسەرۆكی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان "دەم پارتی" دووپاتی كردەوە، دەسەڵاتی ئێستەی توركیا توانای بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتەی نییە.
ڕێژەی هەڵئاواسان لە توركیا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، بە مەبەستی كۆنترۆڵكردنی نرخەكانی بەكاربەرانیش ڕێژەی سوود بەرزتر كراوەتەوە. بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان بووەتە هۆی گرانی و لە توركیا قەیرانی بژێویی ژیان هاتووەتە ئاراوە.



وشە - سۆران عەزیز