سەرچاوەیەك لە وەزارەتیی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بەغدا ئەمڕۆ یان سبەینێ پارەی تەواوكاری مووچەی مانگی نۆ دەخاتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی هەرێم، دوابەدوای گەیشتنی پارەكە دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لە وەزارەتی داراییەوە وەریگرتووە، چاوەڕێ دەكرێت ئەمڕۆ یان سبەینێ وەزارەتی دارایی عێراق بڕە پارەیەكی تر بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم و ئەوكات رۆژی یەكشەمی هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوول دەكرێت
هاوكات دوێنێ وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، پارەی تەواویان لە بەردەستدا نییە بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی نۆ و بڕی 305 ملیار دینار كورتهێنان هەیە، چاوەڕێی بەغدا دەكەن تا پارەیان بۆ بنێرێت.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، لەبارەی مووچەی مانگی 10ەوە ئاماژەی بەوە كردووە، لیستی مووچەی مانگی 10 ئامادەیە و لە نزیكترین كاتدا رەوانەی بەغدای دەكەن.
سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی ڕای گەیاند: ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر خەرجكردنی تەواوی لێبڕینەكانی مووچەی مانگەكانی ڕابردووی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی داوە.
لەبارەی وادەی خەرجكردنی ئەو پارەی لێبڕاوە، سەرچاوەكە ئاشكرای كرد: وەزارەتی دارایی عێراق هەندێك تێبینی هەبوو، ئێمە زانیاری و وردەكاریی تەواومان پێ داون و چاوەڕێین لەم چەند ڕۆژەدا تەواوی لێبڕینەكان خەرج بكرێن، ئەگەر خەرج كران، كورتهێنانی مووچەی مانگی ئەیلوولی پێ پڕ دەكەینەوە و دەستبەجێ مووچەكە دابەش دەكەین.