ئێستە دنیا لە چاوەڕوانی هێرشەكەی ئیسرائیلە بۆ سەر ئێران، لە وەڵامی هێرشە مووشەكییەكەی یەكی ئەم مانگە، ئەمڕۆ هەریەك لە جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا و بنیامین نەتنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وتوێژیان لەبارەی هێرشەكە كرد، سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی تەناهیی ئیسرائیل دەنگ لەسەر هێرشەكە دەدات، شارەزایان پێیان وایە هەر گورزێكی ئیسرائیلی بۆ دامەزراوە نەوتییەكانی ئێران نرخی نەوت زۆر بەرز دەكاتەوە.
ئەنوەر قاسم، شارەزای ئابووری دەڵێت، ئەگەری هەیە هێرشەكەی ئیسرائیل دامەزراوە نەوتییەكانی ئێران بگرێتەوە، ئەگەری هەی نرخی بەرمیلێك نەوت لە 70 دۆلارەوە بگەیەنێتە زیاتر لە 130 دۆلار، ئەوەش كار لە ئابووریی دنیا دەكات، وەك سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دەڵێت، هێرشەكە ئابووری دنیا بە رێژەی 0.4% لاواز دەكات.
روونی كردەوە، لە حاڵەتی كردنەئامانجی دامەزراوە نەوتییەكانی ئێران، بازاڕی دنیا دەشێوێت، كە هەر خۆی بە دەست هەوڵاوسانەوە دەناڵێنێت و هەوڵی دەربازبوون لەو تەنگژە دەدات كە رووبەڕووی ئابوورییەكانی دنیا هاتووەوتەوە، ئەگەر بازنەی شەڕەكەش فرەوان بێت، هاوكێشەی ئابووری و سیاسیی نێودەوڵەتی دەگۆڕێت و رەنگە لایەنی تر بێنە ناو شەڕەكەوە.