"بەهۆی گەندەڵییەوە بڕیاری گرتن بۆ سەرۆكی لیستی یەكێتی/سلێمانی دەرچوو" بۆ وەبیرهێنانەوە

:: PM:07:26:11/10/2024 ‌
لە 29ی تەمووزی 2021 و تەنیا سێ ساڵ لەمەوبەر، لەلایەن دەستەی دەسپاكییەوە بڕیاری گرتن بۆ د.میران محەمەد دەرچوو بە تۆمەتی تێوەگلانی لە دۆسیەی گەندەڵی و سپیكردنەوەی چەك و خەرجكردنی چەكی بەڵێندەران كە شیاوی خەرج كردن نەبووە و چەكی بازاڕ بووە، كەچی كرا بە سەرۆكی لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لە كەتەلۆگی مەكتەبی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەكێتیشدا وەك ئەوەی خەڵك هیچی بیر نەمابێت نووسرابوو: بە شەو نخوونیەكانی د. میران و دڵسۆزییەكەی سێكتەری تەندروستی لە سلێمانی گەشەی بەخۆیەوە بینیوە، هەر بۆیە كراوە بە سەرۆكی لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی.

سێ ساڵ لەمەوبەر وەك لە راگەیەنراوێكی دەستەی دەسپاكی هاتبوو بە بڕیاری دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی دەسپاكی سلێمانی بڕیاری گیران بۆ د.میران محەمەد عەباس، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی تەندروستی سلێمانی بەپێی مادەی 15 لە یاسای دەستەی دەسپاكی دەرچوو. 

راگەیەنراوەكە ئاماژەی دابوو كە بڕیارەكەی دادوەری دەستەی دەسپاكی لە دادگای لێكۆڵینەوەی دەسپاكی سلێمانی لەسەر بنەمای تێوەگڵانی ناوبراوە لە گەندەڵی و سپیكردنەوەی چەك و خەرجكردنی چەكی بەڵێندەران كە شیاوی خەرجكردن نەبووە و چەكی بازاڕ بووە و ئاماژە بەوەیش درا بوو ئەو چەكانە بە نیوە قیمەت یا كەمتر لە قیمەتی خۆی كڕدراوەتەوە و دواتر بە نەقدی "نەختینە" خەرج كراوە بە پشتگیری تۆمەتباری ناوبراو. 

زیاتر هاتبوو بەپێی یاسا ئەم كارە بە تاوان هەژمار دەكرێت و بەكارهێنانی دەسەڵات و پۆستە بۆ بەدەستهێنانی سوود و بەرژەوەندیی نایاسایی "كسب غیر مشروع" 

ئەمەی "وشە" خستیە بەر دیدی خوێنەرانی، هەواڵێكی سێ ساڵ لەمەوبەری راگەیەنراوی فەرمی دەستەی دەسپاكییە و خودی داڕشتنەكەیشی لە كوردسات نیوزی زمانحاڵی فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان گواستووەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە: بە پشت بەستن بە بەڵگەكانی گەندەڵی و تۆمەتەكانی سەری، ئەوكات یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەم كەیسەی دژی دكتۆر میران جووڵاند بەهۆی ئەوەی لە لاهوور شێخ جەنگییەوە نزیك بوو، بەپێی سەرچاوەیەك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە ئەمە خرایە بەردەم دكتۆر میران "یا قۆڵبەستكردن و زیندان یا وازهێنان و دوركەوتنەوە لە كوڕانی شێخ جەنگی"، لە نێوان ئەم دوو بژارەدا دكتۆر میران دووركەوتنەوەی لە لاهوور شێخ جەنگی هەڵبژارد و یەكێتیش كەیسەكەی لەسەر داخست و ئێستەیش سەرۆكی لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەوە وەسف دەكرێت كە دڵی لای لاهوورە و لە ترسی گرتن سەرۆكی لیستی یەكێتییە. 






وشە - پێشەنگ قوشتەپەیی