توركیا ئیمام مەهدی دەگرێت

:: PM:07:27:13/10/2024 ‌

موسڵمانانی دنیا بەتایبەتی شیعەكان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دەركەوتنی ئیمام مەهدی، واتە مەهدی مونتەزەر دەكەن، بۆیە ناوەناوە لێرە و لەوێ كەسانێك دەردەكەون و داوای مەهدیاتی یان شێخاتی و تەنانەت پەپامبەرایەتیش دەكەن، لە توركیا هێزە تەناهییەكان كەسێكیان بە ناوی مستەفا شابووك گرت، ئەو خۆی وەك ئیمام مەهدی راگەیاندبوو.

چەند رۆژێكە لە توركیا مشتومڕێك دروست بووە، ئەویش دوای گرتنی هاووڵاتییەكی توركی لە ویلایەتی چاناكالی بە ناوی مستەفا شابووك و 15 كەسی تر لە لایەنگرانی، ئەو خۆی وەك مەهدی چاوەڕوانكراو راگەیاندبوو، پێشتریش گرووپێكی ئاینی دامەزراندبوو و 200 لایەنگری هەبوو.

وەك میدیاكانی توركیا دەڵێن، شابووك و 15 كەس لە لایەنگرانی گیران، حكوومەت بە سوودبینین لە ئاین بۆ بەدەستهێنانی پارەیەكی زۆر تۆمەتباری دەكات، واتە لە دوای كۆتاهاتنی لێكۆڵینەوەكان و رەوانەكردنی بۆ دادگا تۆمەتی قۆڵبڕینی داراییشی دەخرێتە پاڵ.

شابووك لە 2023 چەند خانوو و هوتێلێكی لە چەند ناوچەیەكی توركیا بەكرێ گرت، بە ناوی ئەوەی قوربانیان بوومەلەرزەكەی ئەوكاتی توركیا تیایدا نیشتەجێ بن، دوای ئەوە ئەو كەسانە هەستان بە بڵاوكردنەوەی بیرۆكەكانی لە سۆشیال میدیا بەوەی ئاماژەی ئاینیان بۆ هاتووە، شابووك توانی وا لە لایەنگرانی بكات خانوویان بفرۆشن و قەرز لە بانك رابكێشن بۆ ئەوەی ئەو بەكاریان بێنێت، ئەوەش مشتومڕی گەورەی لە سۆشیال میدیا دروست كرد.

هێزە تەناهییەكان جگە لە پارە، دەستیان بەسەر چەكیش لای شابووك و گرووپەكەی گرت و تۆمەتی قۆڵبرشینی دارایی و دامەزراندنی گرووپێكی تاوانكاری خرایە پاڵ، واتە خۆی و لایەنگرانی كە هەموویان نەگیراون.    







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل