بۆ گەڕانەوەی موڵكەكانی كورد.. شیعە و سوننە و كورد گەیشتوونەتە ڕێككەوتنێكی سەرەتایی

:: AM:10:45:28/10/2024 ‌
فراكسیۆنەكانی كورد و شیعە و سوننە، گەیشتوونەتە ڕێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژەیاسایەی كە لە ڕێگەیەوە زەوییە داگیركراوەكان بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانیان دەگەڕێنێتەوە.

زیاتر لە حەوت مانگە پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی ماڵ و موڵكی هاووڵاتییانی كورد و توركمانی كەركووك كە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا لێیان داگیر كرابوو، لە پەرلەمانی عێراقە.

لە دانیشتنی دوێنێ یەكشەمدا پەرلەمانی عێراق بەهۆی ناڕەزایەتیی سوننەكانەوە بۆ جاری پێنجەم، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی موڵك و ماڵی داگیركراو بەفەرمانی ئەنجوومەنی ناسراو بە "قیادەی سەورە"ــی هەڵوەشاوە نەدرا، كە لە بەرژەوەندی جووتیارانی كورد و توركمان بوو لە بەشێك لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا.

زیاتر لە 130 هەزار دۆنم زەویی هاونیشتمانیانی كورد و توركمان لە سنووری پارێزگای كەركووك، داگیر كراوە و بۆیان نەگەڕێنراوەتەوە. ئەو زەوییانە هێشتا موڵكدارییان یەكلا نەكراوەتەوە كە لەلایەن عەرەبی هاوردەوە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس داگیر كراون.

بەبڕوای مەحما خەلیلی ئەندامی پەرلەمانی عێراق، كێشەی پڕۆژەیاساكە ئەوەیە هەر تەنیا سنووری كەركووك دەگرێتەوە، لە كاتێكدا لە خانەقینەوە تا شنگال كورد زەویی داگیر كراوە و لە سەردەمی رژێمی پێشوو و دوای ئەوانیش، داگیركاری و تەعریب هەر بەردەوام بووە.

بەگشتی لە سنووری پارێزگای كەركووك ملیۆنێك و 200 هەزار دۆنم زەوی لە نێوان كورد و توركمان لەگەڵ عەرەبی هاوردە كێشەیان لەسەرە. لە خورماتووش 10 هەزار دۆنم زەوی كێشەیان لەسەرە.
 
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" درەنگانی شەوی ڕابردوو، كۆبوونەوەیەكی گرنگ لە ماڵی موحسین مەندەلاوی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە وەكالەت بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لە د. شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمان بە نوێنەرایەتی پارتی، د. خالید شوانی وەزیری دادی عێراق بە نوێنەرایەتی یەكێتی، محەمەد تەمیم بە نوێنەرایەتی سوننەی كەركووك و ژمارەیەك لە سەرۆكی فراكسیۆنەكان بەشدار بوون.

 كۆبوونەوەكە نزیكەی دوو سەعاتی خایاندووە، لەسەر تەواوی ئەو پرس و بابەتانەی كە لە كۆبوونەوەی ڕۆژی یەكشەمی ئەنجوومەنی نوێنەران گفتوگۆی لەسەر كرا، گەیشتوونەتە ڕێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ ئەوەی كاتێك دانیشتنی پەرلەمان دەستی پێ كردەوە، ئەو پرسانەی كە كێشەیان لەسەر هەبوو بەبێ كێشە تێپەڕێنرێت.

سوننەكان داوایان كردووە حكوومەتی عێراق قەرەبووی ئەو جووتیارانە بكاتەوە كە زەوییەكانیان لێ وەردەگیرێتەوە، داوا دەكەن وەزارەتی دارایی، بەرگری و داد بەشێك بن لە پرۆسەكە بۆ ئەوەی ئەو بڕگانە لە پڕۆژەیاساكەدا جێی بكرێتەوە. تا ئاستێكی باش لێكتێگەیشتن دروست بووە، چاوەڕوان دەكرێت لە ڕۆژانی ئایندەدا ئەگەر دانیشتنەكانی پەرلەمان بەڕێوەچوو، دەنگ لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە بدرێت.



وشە - سۆران عەزیز