چەند نیشانەیەك ئاماژە بۆ كێشەی مەترسیداری جگەر دەكەن

:: PM:11:19:29/10/2024 ‌

جگەر یەكێكە لە ئەندامە گرنگەكانی لەش و فەرمانی جۆراوجۆر و گرنگی هەیە، بەپێی ئامارەكان لە ئەمەریكا زیاتر لە 100 ملیۆن كەس بە جۆرێك لە جۆرەكان كێشەی جگەریان هەیە، كە چەند حاڵەتێك دەگرێتەوە لەوانە چەوریی ناكحوولیی جگەر و هەوكردن و شێرپەنجەی جگەر، بەتایبەتی چەوری ناكحوولی جگەر كە بە پەتای بێدەنگ ناسراوە و 80 بۆ 100 ملیۆن كەس لە ئەمەریكا بەدەستییەوە دەناڵێنن. 

لە ناوەكەیەوە دیارە واتە كۆبوونەوەی چەوری لە جگەر، هۆكاری سەرەكیی ئەو حاڵەتەش زیادبوونی كێش یان قەڵەوییە، لەپاڵ جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە و بەرزیی پەستانی خوێن و بەرزیی رێژەی چەوری سیانی و پچڕانی هەناسەدان لە كاتی خەودا.

شارەزایان ئاماژە دەكەن كە وەرزشكردن و سیستمی تەندروستی خواردن و دووركەوتنەوە لە كحوول، دەكرێ رێگایەك بن بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەكانی جگەر بە گشتی، د. بوبو بانینی، پسپۆڕ لە نەخۆشیەكانی جگەر و مامۆستا لە كۆلێجی پزیشكی لە زانكۆی ییل دەڵێت، نیشانەكانی نەخۆشكەوتنی جگەر تا گەیاندنی زیانێكی گەورە بەو ئەندامە بەدیار ناكەون.

بۆیە شارەزایان پێیان وایە لە كاتی دەركەوتنی هەندێك نیشانە پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكرێت، لەوانە خوێنبەربوون و خوێنتێزان، واتە ماك و پەڵە، كە نیشانەن بۆ پەككەوتن و لەكاركەوتنی جگەر، بوونی شێوان و كێشە لە فەرمانەكانی مێشك، وەك مشەوەشی و ئاڵۆزیی مێشك، ئەوەش نیشانەیەكی مەترسیداری پەككەوتنی جگەرە. 

زەردوویی، واتە زەردهەڵگەڕانی پێست و سپێنەی چاو، كاڵبوونی رەنگی میز، واتە بە بەردەوامی و سەرەڕای خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو، ئەوەش نیشانەیەكی مەترسیدارە، ئاوسانی سك و قاچەكان و پاژنەی پێ، نیشانەی تێكچوونی جگەرن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل