به‌رپرسێك له‌گه‌ڵ 400 ژن راده‌بوێرێت كه‌ هه‌ندێكیان هاوسه‌ری به‌رپرسانن

:: PM:02:41:05/11/2024 ‌
به‌رپرسێك له‌ وڵاتی گینیا سكاڵای له‌سه‌ره‌ و تۆمه‌تباره‌ به‌ رابواردن له‌گه‌ڵ 400 ژن، به‌شێك له‌ ژنه‌كانیش هاوسه‌ری به‌رپرسان و وه‌زیران و كه‌سه‌ ناوداره‌كانن. ئێسته‌ له‌سه‌ر ئاستێكی باڵادا لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

پێگه‌ی "عه‌ره‌بیه‌" ئه‌مڕۆ سێشه‌م پێنجی تشرینی دووه‌م بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی سه‌تان گرته‌ی ڤیدیۆیی ئاشكرا بوون كه‌ به‌رپرسێكی ده‌سه‌ڵاتی گینیا له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ 400 ژن رایبواردووه‌، ئاماژه‌ ده‌كرێ كه‌ به‌ شێك له‌و ژنانه‌، هاوسه‌ری به‌رپرسان و وه‌زیران و كه‌سه‌ ناوداره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ن، بۆیه‌ ئێسته‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ گیراوه‌ و له‌سه‌ر ئاستێكی باڵادا لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

پێگه‌ی "ahoraeg" بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ گینیا كه‌ گیراوه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاژانسی لێكۆڵینه‌وه‌ داراییه‌كان بووه‌ له‌ تاسار ئینجونجا. باس له‌وه‌ ده‌كرێ به‌پێی گرته‌ ڤیدیۆییه‌كان، ئه‌وه‌ ئاشكرا بووه‌ كه‌ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ /54 ساڵ/، له‌گه‌ڵ ده‌یان ژن رایبواردووه‌ كه‌ به‌شێكیان هاوسه‌ری به‌رپرسانی وڵاته‌كه‌ن، رابواردنه‌كانیش له‌ناو ئۆفیسی خۆی له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و له‌ناو ماڵ و هۆتێل كراون و گرته‌كانیش له‌ناو كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی خۆی بوون و له‌ پشكنیندا ئاشكرا كراون.

باس له‌وه‌ ده‌كرێ كه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ و رووداوه‌كان له‌ناو وڵاته‌كه‌ مه‌ترسیی دروست كردووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی ته‌ندروستیی گشتییه‌وه‌، بیر له‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی به‌هۆی سێكسه‌وه‌ بڵاو ده‌بنه‌وه‌، گومان ده‌كرێ رووداوی له‌و شێوه‌یه‌ ببنه‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تا.

له‌وباره‌یه‌وه‌ تیۆدۆر نگویما یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی گینیا له‌ رێگه‌ی "ئێكسه‌"ه‌وه‌ رای گه‌یاندووه‌، له‌ زووترین كاتدا یاسایه‌ك ده‌رده‌كه‌ین بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی كرده‌ی سێكسیی به‌رپرسان له‌ ناو نووسینگه‌ و ئۆفیسه‌كانیان، بۆ ئه‌وه‌یش حكوومه‌ت به‌رانبه‌ر به‌و كردانه‌ سزای توندیان ده‌دات، چونكه‌ پێشێلكارییه‌ له‌سه‌ر یاسای ئادابی گشتی.

 



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د