ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی نەوتی هەرێم و سەرژمێریی دانیشتووان بڕیاری دا

:: PM:08:11:05/11/2024 ‌

ئەمڕۆ سێشەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 45مین دانیشتنی ئاسایی خۆی بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكی حكوومەت ساز كرد، باسی دۆخی عێراقی بە گشتی كرا و چەند بڕیارێكی گرنگ لەو دانیشتنە دران، لەوانە پێوەست بە سەرژمێریی دانیشتووان لە ناوچە كوردستانییەكان و نەوتی هەرێمی كوردستان.  

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، كە بڕیارە لە 20ی ئەم مانگە بێتە سازكردن، بڕیاری دا كە پرۆسەكە لە ناوچە كوردستانییە جێناكۆكەكان لەگەڵ عێراق لە لایەن تیمی هاوبەشی هەرسێ نەتەوەی عەرەب و كورد و توركمان بێتە سازكردن، جیا لە كەسێكی كریستیان لەو ناوچانەی ئەوان تیایدا زۆرینەن.

هەر بەپێی بڕیارەكە دەستەكانی ئامار لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە هاوكاری لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی، خشتەی داتای وەزارەتەكانی ناوخۆ، سەرژمێریی 1957 و تۆماری وەزارەتی بازرگانی و داتاكانی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران لەگەل ئەنجامی سەرژمێرییەكە بەراورد دەكەن، ئەو كارەش ئەركی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان دەبێت بەپێی رێككەوتنێكی هاوبەش، تۆمارێكی تایبەت بەو ناوچانە رێك دەخرێت، كە ئەنجامی بەراوردكردنی داتاكان لەخۆ دەگرێت و كۆپییەكی ئەو تۆمارە لای هەردوو وەزارەت دەبێت.  

هەروەها پابەندبوون بە رێكخستنی خشتەیەكی ئامار بۆ كۆچبەر و ئەوانەی لە ناوچەكانی ترەوە هاتوون یان راگوێزراون لە ناوچە كێشەلەسەرەكان و پارێزگاكانی تر بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەكان، دەستەی ئاماری هەرێم بۆی هەیە تیمێكی تەكنیكی رەوانە بكات و لە ژووری سەرەكیی ئۆپراسیۆنەكانی سەرژمێری ئامادە بێت، بۆ ئاگەداربوون و بەدواداچوونی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی رێوشوێنەكان تا كۆتاهاتنی پرۆسەكە. 

سەبارەت بە نەوتی هەرێم، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە هەمواركردنەوەی خاڵی جیم لە دووەم بڕگەی مادەی 12ی یاسای بودجەی سێساڵیی ژمارەی 13 لە 2023 كە بەو شێوەی لێ بێت، وەزارەتی دارایی عێراق حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە خەرجییە سیادییەكان لە بری تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە قەرەبوو دەكاتەوە، ئەوەش لە بری ئەو نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دێت و لە لایەن كۆمپانیای سۆمۆ یان وەزارەتی نەوتی عێراق بەپێی هەردوو بڕگەی ئەلیف و بای ئەو بەندە وەردەگیرێت.

بەوپێیەی تێچووەكان بە خەمڵاندنێكی دادوەرانە بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوە بە جیا و لە لایەنێكی راوێژكاریی تەكنیكیی شارەزا و نێودەوڵەتییەوە حیساب كرابن، كە وەزارەتی نەوت بە رێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە ماوەی 60 رۆژ لە جێبەجێبوونی ئەو یاسایە دیاری دەكات، لە حاڵەتی رێكنەوتنیش لەو ماویەدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی ئەو لایەنە راوێژكارییەی باس كرا، دیاری دەكات.   

ئەو لایەنە راوێژكارییەی باسی كرا، تێچووی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە پێشكەشی وەزارەتەكانی نەوت و دارایی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و بۆ ئەم یاسایە پشتی پێ دەبەسترێت، حسێبكردنی قەرەبووەكەش لەسەر بنەمای تێچووی خەمڵێنراوی هەر بەرمیلێكە كە جارانی ژمارەی بەرمیلە نەوتە وەرگیراوەكان دەكرێت، ئەوكات وەزارەتی دارایی فیدراڵی پارەی قەرەبووەكە بە حكوومەتی هەرێم دەدات. 

پێویستە بەپەلە و راستەوخۆ نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بكرێت، وەزارەتی دارایی فیدراڵیش قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستەوە بە شێوەی سولفە خەرج دەكات، بە تێكڕای 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، دواتر دوای تەواوكردنی كاری لایەنی راوێژكاری كە باسی كرا، بە شێوەیەكی رەجعی لە كاتی دەست پێكردنی رادەستكردنی نەوتەكە بەپێی ئەو هەموارەی سەرەوە یەكلا دەكرێتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل