لە ماوەی 24 سەعاتدا لە شارەزوور 500 كەس تووشی نەخۆشی سكچوون و رشانەوە بوون و وێڕای پەتای وەرزی، پەیامنێری "وشە" لە شارەزوور باس لەوە دەكات كە لە ناو خەڵكدا گومان لەوە دەكرێت سەرچاوەی ئاوی شارەكە پیس بووبێت بەهۆی بارانەوە.
ئەمشەو چوارشەم چواری نیسانی 2024، ئاسان محەمەدی پەیامنێری "وشە" لە شارەزوور لەبەردەم نەخۆشخانەی شەهید رەئووف بەگەوە رای گەیاند، بەپێی زانیارییە وەدەستهاتووەكان، لەماوەی 24 سەعاتی رابردوودا بە كتوپڕی 500 كەس بەهۆی سكچوون و رشانەوە گەیشتوونەتە نەخۆشخانەكە.
لەبارەی هۆكاری ئەم حالەتەیشەوە، پەیامنێری "وشە" لە قسەی خەڵكی ناوچەكە ئەوەی وەرگرتووە كە گومان لەوە دەكرێت بەهۆی شەپۆلی بارانی چەند رۆژی رابردوو، سەرچاوەی ئاوی شارەزوور پیس بووبێت و ئەمەیش بووەتە هۆی ئەم رێژە زۆرەی تووشبوون بەسكچوون و رشانەوە لەپاڵ پەتا وەرزییەكە.
پەیامنێری "وشە" ئەوەیشی گوت كە تەواوی پزیشكەكان لە دەوامن و داوای یارمەتیشیان لە تەندروستی سلێمانی كردووە بۆ ئەوەی بتوانن بەهانایانەوە بچن و كۆنترۆڵی دۆخەكە بكەن.
بەهۆی ئەوەی هێشتا هۆكاری ئەم بارە لەناكاوەی شارەزوور نەزانراوە، پزیشكانی ناوچەكە داوایان لە هاووڵاتییان كردووە هەر كاتێك هەستیان بە نیشانەكانی سكچوون و رشانەوە كرد، بە زووترین كات خۆیان بگەیەننە نەخۆشخانە و لە ئێستەیشدا زۆربەی چین و توێژەكان روویان كردووەتە نەخۆشخانەكە بەمەبەستی چارەسەری.