ئاره‌زوو خاوه‌ری كه ته‌مه‌نی 16 ساڵه و له قۆناغی ئاماده‌یی ده‌یخوێند، له‌لایه‌ن به‌رپرسانی قوتابخانه ئازار دراوه و پێیان گوتووه پێویسته باڵاپۆش بیت ئه‌گه‌رنا له قوتابخانه ده‌ریده‌كه‌ن، كچه‌كه وادیاره زۆر ئازار دراوه و له سه‌ربانی قوتابخانه‌كه‌یه‌وه خۆی فڕێ داوه‌ته خواره‌وه.
رووداوه‌كه هه‌فته‌ی رابردوو له تاران رۆژێك دوای ئه‌وه بوو كه كچێكی تر به نیشانه‌ی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی به‌رانبه‌ر به‌رپرسانی قوتابخانه و باڵاپۆشیی زۆره‌ملێ، خۆی رووت كرده‌وه.
باوكی ئه‌و قوتابییه سكاڵای دژی به‌رپرسانی قوتابخانه‌كه تۆمار كردووه و پێی وایه به‌زۆر گوشاریان خستووه‌ته سه‌ر هه‌ر ده‌بێت به‌و شێوه‌یه باڵاپۆش بێت كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت.
ئه‌و ده‌ڵێت، ''كچه‌كه‌م له جیاتی له‌به‌ركردنی پانتۆڵی یۆنیفۆرمی قوتابخانه، ئه‌و رۆژه پانتۆڵێكی تری له‌به‌ر كردووه كه له جۆری كابۆ بووه. ئه‌و رۆژه له قوتابخانه‌وه ته‌له‌فۆنیان بۆم كرد و گوتیان كچه‌كه‌ت به بێ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن له قوتابخانه ده‌رچووه.''
ئاره‌زوو له قوتابخانه‌ی كه‌وسه‌ر ده‌یخوێند كه كه‌وتووه‌ته ناوچه‌ی 20 له شارۆچكه‌ی ره‌ی و كچێكی ئاسایی بووه هاوشێوه‌ی هه‌ر قوتابییه‌كی تر .
وادیاره رۆژێك له‌گه‌ڵ مامۆستایان گه‌شتیان هه‌بووه و له میانه‌ی گه‌شته‌كه‌دا، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی هه‌ڵپه‌ڕیون و سه‌مایان كردووه، ئه‌و رووداوه‌ش له‌لایه‌ن جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه تۆمار كراوه و هه‌ڕه‌شه له كچه‌كه كراوه ئه‌گه‌ر بۆ هه‌موو رێنوێنییه‌ك به قسه‌یان نه‌كات، ئه‌وا ڤیدیۆكه ده‌داته به‌ڕێوه‌به‌ر و له‌وانه‌یه به‌هۆیه‌وه له قوتابخانه ده‌ربكرێت.
ژماره‌یه‌ك له هاوڕێیانی ئاره‌زوو به میدیاكانیان گوتووه، ئه‌و رۆژه به‌ڕێوه‌به‌ر بانگی كچه‌كه‌ی كردووه و پێی گوتووه، بۆچی ره‌چاوی باڵاپۆشیت نه‌كردووه و ته‌نانه‌ت پانتۆڵی كابۆت پۆشیوه و به توندی هه‌ڕه‌شه‌ی له كچه‌كه كردووه.
به‌گوته‌ی هاوڕێكانی ئه‌و ڕۆژه ئاره‌زوو زۆر ترساوه و ته‌نانه‌ت رشاوه‌ته‌وه، كچه‌كه به ره‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی ئه‌فغانستانه و دایك و باوكی زۆر به زه‌حمه‌ت توانیویانه مافی خوێندن بۆ كچه‌كه‌یان دابین بكه‌ن، چونكه ره‌گه‌زنامه‌ی ئێرانی نه‌بووه و پێده‌چێت هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ركردنی ئه‌و كچه له قوتابخانه كرابێت، ئه‌ویش كه‌وتووه‌ته ناو دۆخێكی ده‌روونیی زۆر خراپ و هانای بۆ خۆكوشتن بردووه.
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی ئێران له به‌یاننامه‌یه‌كدا باسی له‌وه كردووه، ئاره‌زوو به‌هۆی كه‌وتنه‌خواره‌وه له شوێنێكی به‌رز مردووه و لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه له‌لایه‌ن پۆلیس ده‌ستی پێ كردووه.
باوكی ئاره‌زوو به ماڵپه‌ڕی ''روكنا''ی گوتووه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه كچه‌كه‌ی له ده‌ست داوه، نه له‌لایه‌ن قوتابخانه و نه له‌لایه‌ن په‌روه‌رده و هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی تر ته‌نانه‌ت یه‌ك ته‌له‌فۆنیشی بۆ نه‌كراوه.
ئاره‌زوو یه‌كه‌م كه‌س نییه له ئێران به‌هۆی گوشار و ئازار به‌تایبه‌تی به‌هۆی ره‌چاونه‌كردنی باڵاپۆشیی زۆره‌ملێ ده‌مرێت. ژینا ئه‌مینیش له ساڵی 2022 كه له‌گه‌ڵ براكه‌ی چووبووه تاران، له‌لایه‌ن پۆلیس ئازار ده‌درێ له‌به‌رئه‌وه‌ی ره‌چاوی باڵاپۆشی نه‌كردووه، دواجار له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا گیان ده‌سپێرێت كه شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"ی لێ كه‌وته‌وه.