رۆژنامه‌نووسێك له رێی پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ خزم و كه‌سوكاری ئه‌و كچه‌ی له زانكۆی تاران خۆی رووت كرده‌وه، نوێترین زانیاریی له‌باره‌ی چاره‌نووسی كچه‌كه ئاشكرا ده‌كات.
خزم و كه‌سه‌كانی كچه‌كه به مه‌سیح عه‌لینه‌ژادی رۆژنامه‌نووسی نیشته‌جێی ئه‌مه‌ریكایان گوتووه، قوتابییه‌كه‌ی زانكۆی زانست و لێكۆڵینه‌وه‌كانی تاران دوای ده‌ستبه‌سه‌ركردن، بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ده‌روونی گواستراوه‌ته‌وه و به قسه‌ی به‌رپرسانی حكوومه‌ت، نه‌خۆشیی ده‌روونی هه‌یه و له ژێر چاودێری پزیشكیدایه. سه‌یر له‌وه‌دایه رێگه ناده‌ن هیچ پزیشكێكی نه‌خۆشخانه‌كه ئه‌و ببینێت، به‌ڵكو له ده‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه چه‌ند كه‌سێك له ژێر ناوی پزیشكی ده‌روونی سه‌ردانی ده‌كه‌ن.
حكوومه‌ت لاپه‌ڕه‌ی كچه‌كه له ئینستاگرام داخستووه و دوای ئه‌وه‌ی هه‌ندێك وێنه و ڤیدیۆی بڵاو بوونه‌وه و له ڤیدیۆكاندا ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، كچه‌كه هیچ نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونی نییه و كچێكی زۆر دڵخۆش و بوێر ده‌رده‌كه‌وێت، له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی وێنه و ڤیدیۆی جۆراوجۆری داناوه و هه‌ر كه‌سێك وێنه‌كان ببینێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت هیچ كێشه‌یه‌كی ده‌روونیی نییه.
یه‌كێك له كه‌سه نزیكه‌كانی ئه‌و كچه گوتوویه‌تی، "ناوی ئه‌و كچه له ره‌گه‌زنامه‌كه‌ی مه‌هلایه، به‌ڵام له خۆشه‌ویستیدا خێزانه‌كه‌ی و ده‌وروبه‌ری به ئاهوو بانگی ده‌كه‌ن و نازناویشی ده‌ریایه.''
ئه‌و دوو منداڵی هه‌یه و له مێرده‌كه‌ی جیا بووه‌ته‌وه و پێوه‌ندیی به مێرده‌كه‌یه‌وه نه‌ماوه، كه‌چی هه‌فته‌ی رابردوو میدیایه‌كی ئێرانی قسه‌ی ئه‌و كابرایه‌ی بڵاو كرده‌وه كه ده‌گریا و داوای له خه‌ڵك ده‌كرد، وێنه‌كانی بڵاو نه‌كه‌نه‌وه، ده‌رچوو به‌زۆر ده‌زگا ئیتڵاعاتییه‌كانی ئێران ئه‌و قسه‌یان به كابراكه گوتووه.
كۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌وه‌ی له بایه‌خی هه‌ڵوێسته‌كه‌ی كه‌م بكاته‌وه، نه‌خۆشیی ده‌روونیی خستووه‌ته پاڵ كچه‌كه و دیاریش نییه له نه‌خۆشخانه چی به‌سه‌ر ئه‌و كچه ده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌كه‌یان بۆ راستی بگۆڕن.
مه‌ترسی له‌سه‌ر گیانی ئه‌و كچه هه‌یه و له‌وانه‌یه كۆمه‌ڵێك ده‌رزی و ده‌رمانی پێ بدرێت كه له كه‌سێكی ئاساییه‌وه بیكه‌نه كه‌سێك، به راستی نه‌خۆشیی ده‌روونی هه‌بێت و دواتر له میدیاكانی فه‌رمیی كۆماری ئیسلامی پێشانی خه‌ڵكی بده‌ن، هه‌ندێك قسه‌ی پێ بكه‌ن و بڵێت هیچ مه‌به‌ستێكی نه‌بووه و نه‌خۆش بووه، بۆیه خۆی رووت كردووه‌ته‌وه.
هاوڕێیانی كچه‌كه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئاهوو جگه له‌وه‌ی له قوتابییه زیره‌كه‌كانی پۆله، له هه‌مان كاتدا زۆر بوێره و له‌سه‌ر هه‌ر سته‌مێك كه له پۆل یان ده‌ره‌وه‌ی پۆل له هاوڕێكانی كرابێت، به‌رگریی لێیان كردووه.
ئه‌وه‌ش ئاشكرا بووه كه ده‌زگا ته‌ناهییه‌كان، گوشارێكی زۆریان خستووه‌ته سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی ئاهوو و پێیان گوتوون، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ هیچ میدیا و كه‌سێك له‌باره‌ی كچه‌كه‌یان قسه نه‌كه‌ن.
باس له‌وه ده‌كرێ ئاهوو ویستوویه‌تی له‌و نه‌خۆشخانه‌یه رابكات، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، رێگه به هیچ كه‌سێك نادرێ سه‌ردانی كچه‌كه بكه‌ن و هێز و پاسه‌وانێكی زۆر له ده‌ور و ناوه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه دانراون، له ژوورێكی نه‌خۆشخانه‌كه زیندانی كراوه.
ئێواره‌ی رۆژی شه‌موو دووی تشرینی دووه‌م له زانكۆی زانست و لێكۆڵینه‌وه‌كانی تاران، وه‌ك ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر به كارمه‌ندانی به‌شی ''حه‌راسه‌ت'' یان به‌سیجی زانكۆكه، كچێك به رووتی هاته حه‌وشه‌ی زانكۆ له كاتێكدا ته‌نیا جلكی ژێره‌وه‌ی له‌به‌ردایه، ئه‌مه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری به‌دواوه بوو.
وێنه و ڤیدیۆكانی ئه‌و دیمه‌نه و ئه‌و هه‌ڵوێسته، به خێرایی له ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو بووه‌وه و هه‌ڵوێست و قسه‌وباسی جیاواز و جۆراوجۆری به‌دواوه بوو.
دوای ماوه‌یه‌ك ئۆتۆمبێلێك له جۆری پراید كه هێزه‌كانی به‌سیج و پۆلیسن، به‌شێوه‌یه‌كی توندوتیژ و زۆره‌ملێ كچه‌كه سواری ئۆتۆمبێله‌كه ده‌كه‌ن و بۆ شوێنێكی نادیار ده‌یگوازنه‌وه.
ئه‌وكات ئاشكرابوو كه ئه‌و كچه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی به‌سیجی زانكۆكه ئازار دراوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌چكه‌كه‌ی زۆر توند نه‌به‌ستووه و دیاره شه‌ڕیان بووه و جله‌كانی دڕاون، بۆیه وه‌ك هه‌ڵوێستێك به‌رانبه‌ر ئه‌و ره‌فتاره‌ی به‌سیج، جله‌كانی داكه‌ندووه و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕیوه.
به‌رپرسانی زانكۆكه ره‌تیان كردووه‌ته‌وه كه ئه‌و كچه له‌گه‌ڵ به‌سیج تووشی ده‌مه‌قاڵه بووبێت و ئاماژه‌ی داوه، له رووی ده‌روونییه‌وه ئه‌و كچه كێشه‌ی هه‌بووه، بۆیه بۆ ناوه‌ندێكی چاره‌سه‌ریی ده‌روونی گواستراوه‌ته‌وه.
ئه‌وكات خه‌ڵك هه‌ڵوێستی كچه‌كه‌یان به هه‌ڵوێستێكی قاره‌مانانه دژی باڵاپۆشی زۆره‌ملێ هه‌ژمار كرد و گوتیان، ئه‌وه‌ی ئه‌و كچه كردی په‌یامێكی زۆر به‌هێز بوو دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران كه ناتوانێت هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی خۆیان حه‌زیان لێیه، به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یدا بسه‌پێنن.
پێویسته ئاماژه به‌و راستییه بكرێت له دوای سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی ''ژن، ژیان، ئازادی''ه‌وه كه له ئه‌یلوولی 2022 دوای كوژرانی ژینا ئه‌مینی له تاران سه‌ری هه‌ڵدا، دۆخی ئێران كه‌وتووه‌ته قۆناغێكی جیاوازه‌وه، له ته‌واوی شاره‌كانی ئێران چیتر نه‌پۆشینی له‌چك بڤه نییه و پاشه‌كشه‌یه‌كی زۆر به كۆماری ئیسلامی كرا، له دوو ساڵی رابردوودا كۆماری ئیسلامی به په‌سندكردنی هه‌ندێك یاسا و رێسا هه‌وڵی داوه دۆخه‌كه بگه‌ڕێنێته‌وه پێش بزووتنه‌وه‌كه، به‌ڵام بۆی ناكرێت و نه‌ك پێی ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكو له‌مه‌ودوا كۆماری ئیسلامی ده‌بێت به‌وه مه‌منوون بێت كه كچان ته‌نیا له‌چكه‌كانیان له‌سه‌ر نه‌نێن.
له چه‌ند رۆژی رابردوودا چالاكانی مافی مرۆڤ و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و دامه‌زراوه جیهانییه‌كانی مافی مرۆڤ، نیگه‌رانیی خۆیان له چاره‌نووسی ئه‌و كچه ده‌ربڕیوه.
نه‌رگێس محه‌مه‌دی زیندانیی سیاسی و براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی، پاڵپشتی له كچه‌كه كرد و له گرتووخانه‌ی ئیڤینه‌وه نامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه.
ئه‌و له نامه‌كه‌یدا نووسیبووی ده‌بێت به‌رپرسان و بڕیاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی پشكنینی ده‌روونییان بۆ بكرێت كه باڵاپۆشیی زۆره‌ملێیان كردووه‌ته ئامرازێكی سه‌ركوتكردنی كۆمه‌ڵگه.
هاوكات رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی له به‌یاننامه‌یه‌كدا، داوای به‌په‌له ئازادكردنی كچه‌كه‌ی كرد و پێی وایه ئه‌و خوێندكاره بۆیه ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ده‌ربڕیوه، چونكه له‌لایه‌ن به‌رپرسانی زانكۆكه ئازار دراوه و توندوتیژی به‌رانبه‌ر كراوه.
رێكخراوه‌كه داواشی كرد لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی بێلایه‌ن له چاره‌نووسی ئه‌و كچه بكرێت، چونكه ئاگادارن به‌رانبه‌ر به‌و كچه توندوتیژیی كراوه. پێشتریش نوێنه‌ری رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ پرسی مافی مرۆڤ له ئێران، ناڕه‌زایه‌تیی به‌رانبه‌ر كۆماری ئیسلامی ده‌ربڕیوه.