پێچەوانەی قسەكان بافڵ.. لە سلێمانی سەرانە لە خاوەنكارەكان وەردەگیرێت

:: PM:08:26:09/11/2024 ‌

لەكاتێكدا یەكێتی و خودی بافڵ تاڵەبانی بانگەشەی كەشێكی ئارام و دۆخێكی سەقامگیر بۆ سەرمایەدار و كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكان لە سلێمانی دەكەن، ئاشكرا بووە كە هەر یەكێتی و كۆمپانیا سێبەرەكانی ئەو حزبەن ساڵانە بە ناوی جۆراوجۆرەوە پارە لە كۆمپانیا و سەرمایەداران وەردگرن، بە پێچەوانەی بانگەشەكان دۆخێكی خراپیان بۆ كۆمپانیاكان دروست كردووە.

لە لایەك لە مەرزەكانی سنووری سلێمانی، بەتایبەت لە هەردوو مەرزی باشماخ و پەروێزخان، چەندین كۆمپانیا بە ناوی جۆراوجۆرەوە پارە لە كاسبكار و شۆفێری بارهەڵگرەكان وەردەگرن و بەو هۆیەوە قورساییەكی زۆریان لەسەر كاری ئەو بارهەڵگرانە دروست كردووە، لە لایەكی تریش لە ناو شار بە ناوی كۆمپانیای جۆراوجۆر هەڵدەكوتنە سەر كۆمپانیاكان و پارەیان لێ وەردەگرن، ئەمەش دۆخێكی نائارامی بۆ سەرمایەدار و كۆمپانیاكان دروست كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستی "وشە" كەوتوون، لە سلێمانی نەك وەرگرتنی سەرانە كەم كراوەتەوە، بگرە بەشێوەی باشتر لە رابردوو سەرانە لە خاوەنكار وەردەگیرێت و كۆمپانیا حزبییەكان هەموو بوارێكیان كۆنترۆڵ كردووە، هەر خاوەنكار و هۆتێل و چێشتخانەیەك ئەگەر بیناكەی مەسعەدی هەبێت یان تیای بێت، ئیدارەی سلێمانی، واتە ئەو دەسەڵاتەی هەیە، ساڵانە 900 هەزار دینار بە ناچاری لەو كەسانە وەردەگرێت، پارەكەش بۆ كۆمپانیایەك دەبێت كە كارەكەی ئەوەیە ساڵانە یەكجار سەیری ئەو مەسعەدە دەكات بزانێت باشە یان كێشەی هەیە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو خاوەنكار و هۆتێل و چێشتخانانە ئەو پارەیان لە بەرانبەر هیچ لێ وەردەگیرێت، كاتێك ئەو خاوەنكارانە داوای مۆڵەت دەكەن لە بەرگریی شارستانی، داوای گرێبەستی مەسعەدی لێ دەكرێت، گرێبەستەكەی پەسەند ناكرێت هەتا كۆمپانیایەك بە ناوی "vees marketing"، دەچێت پشكنین بۆ مەسعەدەكە دەكات و پارەیەكی زۆر وەردەگرێت، لەكاتێدا ئەو خاوەنكارانە باس لە بێبازاڕی دەكەن.

ئەو نرخەی لە لایەن ئەو كۆمپانیایە بۆ مەسعەدێكی یەك تا 10 مەتر و كەمتر لە كێشی 800 كیلۆگرام نرخی سەیركردنی 40 هەزار دینارە دیاری كراوە، بۆ مەسعەدی كێشی سەرو 800 كیلۆگرام 525 هەزار دینارە، مەسعەدێك لە 10 مەتر تا 20 مەتر، لە خوار 800 كیلۆگرام 525 هەزار دینار بۆ پشكنین وەردەگیرێت، بە كێشی سەرو 800 كیلۆگرام 550 هەزار دینار، زاتە تا بەرزیی مەسعەدەكە زیاتر بێت و كێشەكەی سەرو 800 كیلۆ بێت، نرخەكە زیاترە و دەگاتە 625 هەزار دینار، شەش مانگ جارێكیش ئەو پشكنینە دەكرێت و تێچووەكەشی لە ئەستۆی خاوەنكارە.

خاوەن هۆتێلێك لە سلێمانی كە نەیویست ناوی بهێنرێت، بە "وشە"ی گوت، دوو جۆر وەرگرتنی پارە یان قورسایی هەبوون كە لەسەر خاوەن چێشتخانە و هۆتێلەكان زۆر قورس بوون، یەكێك لەوانە ژینگە بوو، كەسێك هۆتێلێك یان چێشتخانەیەكی دادەنا تەندروستی دەیناردی بۆ لای ژینگە و ژینگە دەیگوت دەبێت 50 دارم بۆ بكڕی لە بەرانبەردا مۆڵەت دەدەم، یان دەبوو 50 بۆ 100 مەتر سەوز بكەی، كەسی وا هەبوو لە شەقامێكی وەك مەولەوی و سالم هۆتێلی دادەنا، كە شوێنی سەوزكردنی نییە، ئەمەش كێشە بوو، لە هەر حاڵەتێكدا كڕینی دارەكە یان سەوزكردنەكە 300 بۆ 400 هەزار دینار دەكەوت، ئەمە نەما و چارەسەر كرا.

باسی لەوەش كرد، بابەتی مەسعەدەكە قورساییە گەورەكەیە، هەر هۆتێلێك لەگەڵ كۆمپانیایەك گرێبەستی هەیە بۆ چاككردن و پشكنینی مەسعەدەكەی كاتێك كێشەی بۆ دروست دەبێت، ئەمە شتێكی ئاساییە، بەڵام كێشەی گەورەمان بۆ دروست كراوە، ئێستە كۆمپانیایەك هاتووە كە ئەویش بە ناچاریی شەش مانگ بۆ ساڵێك جارێك دێت بۆ پشكنینی مەسعەدەكە و پارەیەك وەردەگرێت، كە لە 400 بۆ 600 دینارە، تا بیناكە فراوان بێت و پارەی زیاتر دەبات، هەر جۆرە پارەیەك كە بخرێتە سەر خاوەنكار و هۆتێل و چێشتخانەكان، زیانیان پێ دەگات و دەبێتە قورسایی بۆیان، لەكاتێكدا دەبوو لەپێناو ئەوەی كاری باشتر بكرێت ئاسانكارییان بۆ بكرێت.

خاوەنكارێكی تر لەو بارەوە بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، قورساییەكی زۆر زۆرمان لە لایەن هەندێ كۆمپانیای حزبییەوە لەسەر دانراوە، لە هەموو لایەكەوە پارەمان لێ وەردەگرن و پارەمان لێ دەكێشنەوە، ئیشەكانیش بە ناچارییە واتە دەبێت بیكەیت و بۆت نییە ناڕەزایەتی دەرببڕی یان بڵێیت نایكەم، چونكە ئەگەر بەو جۆرەی ئەوان داوات لێ دەكەن نەیكەیت، مۆڵەت و كاری ترت بۆ ناكەن یان ئیشەكەت رادەگرن، بەڕاستی ئەوە قورساییە بۆمان دروست كراوە كە رێگە نادەن بە ئاسودەیی كار بكەین، لەكاتێكدا هەر خاوەنكارێك بە لایەنی كەم 20 هەلی كاری رەخساندووە، بۆیە دەبوو لە بەرانبەردا ئاسانكارییان بۆ بكرێت.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت