رۆژنامەنووسێكی نزیكی ترەمپ: هێزەكانی ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان دەكشێنەوە

:: AM:09:20:10/11/2024 ‌

هێشتا ترەمپ دەستبەكار نەبووە و ئاماژەكان بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە كوردستانی رۆژئاوا دەركەوتوون، میدیاكارێكی نزیكی ترەمپیش دەڵێت: ترەمپ هێزەكانی ئەمەریكا لە باكوری سووریا دەكشێنێتەوە.

ئەگەرچی ترەمپ تا ئێستە هێڵی سیاسەتی نوێی وڵاتەكەی لەبارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نەخستووەتەڕوو، بەڵام كەسایەتییە نزیكەكانی دەڵێن، ترەمپ سوپای ئەمەریكا لە سووریا دەكشێنێتەوە.

هەموو چاوەكان لەسەر ئەوەن ئایا ترەمپ هێزەكانی لە كوردستانی رۆژئاوا دەكشێنێتەوە و ئەو ئەزموونە كوردییەی چەندان ساڵە لەلایەن ئەمەریكاوە یارمەتی دەدرێت، بەتەنیا بەجێ دەهێڵرێت.

ڕۆبرت ئێف كینیدی جۆنیۆر كە میدیاكارێكی ناوداری ئەمەریكا و پشتیوانێكی سەرەكی هەڵمەتی بانگەشەی ترەمپ بوو ڕای گەیاند، ترەمپ هێزەكانی ئەمەریكا لە باكوری سووریا دەكێشێتەوە.

ڕۆبرت ئێف كینیدی جۆنیۆر گوتیشی: ترەمپ نایەوێت ئەو هێزانە ببنە سووتەمەنی ئەو شەڕەی لە نێوان توركیا و هێزە كوردییەكەی باكوری سووریا دروست دەبێت. ترەمپ نیگەرانە لە مانەوەی ئەو هێزانەی ئەمەریكا بۆ كاتێكی درێژ لە باكوری سووریا.

لەوبارەیەوە كالڤین دارك ئەندامی دیموكراتەكان پێی وایە، ترەمپ بەمزووانە لە سووریا ناكشێتەوە، بەگوێرەی ئەزموونی ڕابردوو، ترەمپ زۆرجار لە زۆر بابەت قسە دەكات، بەڵام تەنیا قسەیە، ئەو قسانە ناكاتە بڕیار.

"قسەكانی كینیدی نابێتە بڕیاری كۆتایی ترەمپ، چونكە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا پێویستیی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا بەتایبەتی توركیا هەیە و پرۆسەیەكی ئاڵۆزە"، كالڤین دارك وای گوتووە.

ئەردۆغان چاوی لەوەیە ترەمپ ئەو كارە بكات كە چەند ساڵە دیموكراتەكان نەیانكردووە، ئەویش كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكایە لە رۆژئاوای كوردستان و بەجێهێشتنی ئەو ئەزموونە كوردییە تا بتوانێت بەئاسانی لە ناوی بەرێت.

لەگەڵ هەڵبژاردنەوەی ترەمپ، ئەردۆغان دەمودەست پێوەندیی پێوە كرد و پیرۆزبایی لێ كرد و باسی لەوەش كرد، چاوی لەوەیە ئەو كێشانەی هەن چارەسەر بكات. پێدەچێت ئەمەریكا لە سەردەمی ترەمپدا هاوپەیمانێكی وەك توركیا بۆ ئەزموونێكی تازە ساوای رۆژئاوای كوردستان تێكنەدا و بەرژەوەندییەكانی لەوەدا بێت لەگەڵ توركیا رێك بكەوێت.

لەمبارەیەوە جەیمس جێفری، نێردەی پێشووی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە سوریا، هۆشداریی دەدات لە هەر جۆرە كشانەوەیەكی ئەمةریكا لە سوریا و ڕای گەیاند، ئەگەر ڕووبدات، ئەوە سوودی بۆ نەیارانی ئەمەریكا دەبێت و زیان بە هاوپەیمانەكانی دەگەیەنێت.

جەیمس جێفری لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی ” میدڵ ئێس ئای” ڕای گەیاند، "هەنگاوێكی لەو شێوەیە لێكەوتەی خراپی دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمە "هەڵەیەكی گەورە دەبێت، چونكە دەبێتە هۆی بەهێزكردنی ئێران و ئەسەد و بۆشایییەك دروست دەكات، كە زیان بە هاوبەشەكانمان دەگەیەنت، لەنێویاندا توركیاش”.


وشە - سۆران عەزیز