پسپۆڕێكی ئابووری پرسیارێك دەورووژێنێت، ئەویش بریتییە لە بردنە دەرەوەی دۆلار بەشێوەیەكی قاچاخ لەڕێی مامەڵەی كڕینی ئەندۆمی.
ئەمڕۆ یەكشەم 10ـی تشرینی دووەم، نەبیل مەرسوومی پسپۆڕی ئابووری بۆ میدیاكانی عێراق، پرسیارێكی سەرنجڕاكێشی لەبارەی پێوەندیی هاوردەكردنی "ئیندۆمی” و بەقاچاخبردنی دۆلار ورووژاند، ئەمەش بە پشتبەستن بە داتاكانی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق.
مەرسوومی لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، ئایە پێوەندیی لە نێوان ئیندۆمی و قاچاخچێتیی دۆلار هەیە؟، ئاماژەی بەوەش كردووە، عێراق لە ساڵی 2023 نزیكەی 64 هەزار و 185 هەزار تۆن ئیندۆمی لە ڕێگەی سەرجەم دەروازە سنوورییەكانەوە هاوردە كردووە جگە لە هەرێمی كوردستان، بەهاكەی دەكاتە 17 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار.
ڕوونیشی كردەوە، ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە ساڵی 2022 بە ڕێژەی 18% زیاد بووە.
ئاماژەی بەوەش كرد، پێدەچێت ئەم ژمارەیە ساڵانە بۆ زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلار بەرز ببێتەوە، بەتایبەتی كە دوو لەسەر سێی هاوردەكردنی عێراق لە دەسەڵاتی گشتیی گومرگی تۆمار نەكراوە، بەڵكو بە بەندەر و دەروازە نایاساییەكان تێدەپەڕێت.
مەرسوومی ئاماژەی بە پارەی هاوردەكردنی سەرسوڕهێنەری بانكی فیدراڵی ئەمەریكا بۆ كۆمپانیای ئیندۆمی كرد، كە بە زۆر گەورە و زۆر گەورەتر لە ژمارە ڕاگەیەنراوەكان وەسفی كردووە.
ئەو پسپۆڕە ئابوورییە پرسیارێكی ورووژاند كە ئایا ئەم هاوردەكردنانە ڕاستییەكەی ڕەنگدانەوەی خۆشەویستی عێراقییەكانن بۆ ئەم مادە خۆراكییە، یان نوێنەرایەتیی ڕێگەیەك دەكەن بۆ قاچاخكردنی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات.
ئەوەش لە كاتێكدایە ئێستە لە عێراق چوار كارگەی گەورەی ئەندۆمی هەیە و پێویست بە هاوردە نییە، ئەو بڕە پارەیەشی بۆ كڕینی ئەو بڕە ئەندۆمییە دیاری كراوە بەگوتەی شارەزایان، چوار هێندەی نرخی هەر ئەندۆمییەكە.