سێشەمی هەفتەی داهاتوو لە تەواوی عێراق پشووی فەرمییە "كوردستان ناگرێتەوە"

:: PM:09:14:30/11/2024 ‌
سەرچاوەیەك لە ئەمینداریەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بە میدیایەكی عێراقی راگەیاندووە، سێشەمی هەفتەی داهاتوو 10ی كانوونی یەكەمی 2024، لە تەواوی عێراق پشووی فەرمییە، لای خۆشیەوە بەپێی رۆژژمێری پشووەكانی حكوومەتی هەرێم، ئەم رۆژە دەوام ئاساییە و پشوو نییە. 

ئەمشەو شەموو 30ی تشرینی دووەمی 2024، سەرچاوەیەك لە ئەمینداریەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بە "بەغداد یەوم"ی راگەیاندووە، رۆژی 10ی كانوونی یەكەم بەبۆنەی سەركەوتنی عێراق و ئازادكردنی یەكجارەكی لە دەست چەكدارانی داعش لە تەواوی عێراق دەكرێتە پشووی فەرمی. 

جێگەی ئاماژەیە، 10/12/2017 ساڵوەگەڕی ئازادكردنی موسڵ و تەواوی ناوچەكانی تری ژێر دەستی داعشە لەلایەن عێراقەوە، بەم هۆیەوە ئەم سەرچاوەیەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی داوە بەبۆنەی رۆژی سەركەوتن ئەمساڵیش لەم رێكەوتەدا دەكرێتە پشوو. 

لە بەدواداچوونی "وشە"شدا بۆ رۆژژمێری حكوومەتی هەرێم؛ ئەم رۆژە لە هەرێمی كوردستان پشوو نییە و مانگی داهاتوو تەنیا یەك پشووی هەیە ئەویش 25ی مانگی داهاتووە بەبۆنەی یادی لەدایكبوونی مەسیح و دەكەوێتە رۆژی چوارشەم.


وشە - پۆڵا مەحموود