كەشناسیی عێراق: ئەم هەفتەیە ئەگەرێكی لاوازی باران هەیە و پلەكانی گەرمایش بەرز دەبنەوە

:: AM:09:34:06/12/2024 ‌
دەستەی كەشناسیی عێراقی پێشبینییەكانی كەشوهەوای بۆ رۆژانی داهاتوو بڵاو كردەوە و ئاماژەی داوە كە پلەكانی گەرما بەرزبوونەوەیەكی كەم تۆمار دەكەن و لە ناوچەكانی ناوەڕاست و هەرێمیشەوە ئەگەری بارانبارین لە ناوەڕاستی هەفتە هەیە. 

ئەمڕۆ هەینی شەشی كانوونی یەكەمی 2024، دەستەی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانی عێراق بڵاوی كردەوە كە سبەی شەموو كەشوهەوا هەوریی یا نیمچە هەوریی دەبێت لە تەواوی ئاسمانی عێراق و پلەكانی گەرمایش نزیك دەبن لە پلە گەرمیە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ و بەرزترینی لە بەغدا و ئەنبار دەبێت كە 21 پلەیە و هەولێر و كەركووكیش 19 پلە و دهۆك و دیالەیش 18 تۆمار دەكەن لە بەرزترین پلەی گەرمیاندا و سلێمانیش 17 پلە. 

لەبارەی كەشی رۆژی یەكشەمیشەوە ئاماژەی داوە بەهەمان شێوە پلەكانی گەرما هاوشێوەی ئەمڕۆ و رۆژی شەموو دەبێت و ئاسمانی ناوەڕاست و باكوری وڵاتیش بە زۆری هەوریی دەبێت. 

بەپێی دەستەكە، رۆژی دووشەم ئەگەرێكی لاوازی بارانبارین هەیە لە هەردوو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و ناوەڕاستی عێراق و پلەكانی گەرمایش گۆڕانكارییان بەسەر نایەت. 

لەبارەی رۆژی سێشەمەوە دەستەی كەشناسیی پێشبینی كردووە كە ئاسمان بە زۆری ساماڵ و نیمچە هەور دەبێت و كەمێك پلەكانی گەرمایش بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن بەراورد بە رۆژانی پێش خۆی.


وشە - پۆڵا مەحموود