توێژەرێک: شەڕەكەی توركیا و سووریا ژنی سەرۆكەكانیان دروستی كردووە

:: PM:11:10:06/12/2024 ‌

لەوەتەی شەڕ لە سووریا هەیە، توركیا دژایەتی دەكات، پاشان بە گۆڕانێكی زۆر خێرا، توركیا هەوڵی دا تەواوی كێشەكانی لەگەڵ سووریا سفر بكاتەوە، پێش ئەوەی جارێكی تر نێوایان بەرەو ئاڵۆزی بڕواتەوە، توێژەرێكیش دەڵێت: بڕوا بکەن یان نا، بەشی گەورەی ناکۆکیی نێوان سووریا و تورکیا، لەسەر ژنی سەرۆکەکان دەستی پێ کردووە.

چیمەن ساڵح، نووسەر و توێژەر، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووكدا نووسیویەتی: ماوەیەکی کورت بەر لە شەڕەکەی  سووریا، وا بڕیار بوو ئەردوغان و ئامینەی هاوسەری سەردانی سووریا بکەن، بەر لەو سەردانە، بە چەند ڕۆژێک ئەسمای هاوسەری بەشار ئەسەد  نامەیەک بۆ بەشار دەنێرێ و دەڵێت: نازانم چۆن ئەو دوو ڕۆژە ناخۆشە بەڕێ بکەم کە ئەوانە دێن! جارێ ئامینە هەر دەڵێی دۆمە، بەتایبەتی لە بازاڕ و شتکڕێندا.

چیمەن ساڵح كە كتێبی "بۆڕییە ئاوەكانی حوكمڕانی" نووسیوە و دەزگەی ڕۆژنامەوانیی "وشە" بۆی چاپ كردووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەم نامەیەی ژنەكەی ئەسەد دزە دەکات، تا دەگاتە بەرپرسانی تورکیاش، بەو هۆیەوە سەردانەکە هەڵدەوەشێتەوە و تا ئيستاش پێوەندییەکی گرژ لە نێوان هەردوو وڵاتە. 
  
ئەسما ئەلئەسەد، کچی پزیشکێکی سوورییە کە لە لەندەن دانیشتوون و خۆشی هەر لەلەندەن گەورە بووە، کۆلێژی پزیشکی تەواو کردووە  و هاوڕێی خوێندنی بەشار بووە.

چیمەن ساڵح پێی وایە، ئەگەر لەچوارچێوەی بنەماڵەی ئەسەد نەبێ، خەڵکی زۆر ڕقیان لە ئەسما نییە، هەر بۆیە چەند جارێک بۆ ڕاکێشانی سۆزی خەڵکی، کۆشکەکەی بەشار بڵاوی کردووەتەوە؛ گوایە ئەسما نەخۆشە، بەڵام سەری نەگرتووە. 

ئامینە، لەسەردانەکانی، دیاری گرانبەها بۆ خانمانی یەکەمی وڵاتان دەبات و جارێک جانتایەکی بە دیاری دایە هاوسەرەکەی ئۆباما کە زۆر ناوازەبوو، بەڵام، خانمی یەکەمی ئەمریکا لەبەر گرانی نرخەکەی، ڕاستەوخۆ ڕادەستی دەزگای کەلوپەلی نیشتمانی ئەمریکای کرد. 



وشە - تایبه‌ت