چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن چۆن کۆنترۆڵی دووەم گەورەترین شاری سووریایان کرد دوای هەشت ساڵ لە دۆڕانیان لە پێشتردا، ئەمە تا چەند گرنگە؟
10 ساڵ لەمەوبەر کاتێ ململانێکان لە سووریا گەیشتنە لووتکە ، حەلەب لە نێوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەت و یاخیبووەکاندا دابەش بوو، بەڵام بە هاوکاریی هێزی ئاسمانیی ڕووسیا و گرووپی چەکداریی حزبوڵای لوبنان، ڕژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری سووریا توانی تا کۆتایی ساڵی 2016 کۆنترۆڵی تەواوی شارەکە بکاتەوە. لەو کاتەوە تا ئێستە ململانێکان لە سووریا بە جێگیری مانەوە لەگەڵ یاخیبووان، کە تا ڕادەیەکی زۆر لە ئیدارەی ئیدلبدا قەتیس کران کە تەنیشت ئیدارەی حەلەبە.
بە ڕوونی ئۆپۆزسیۆنی چەکداریی دژەئەسەد سوودی لەو ڕاستییە وەرگرتووە کە ئیسرائیل زیانێکی بەرچاوی گەیاندووە بە بەرەی بەناو بەرەنگاریی ئێران و بەتایبەتی حزبوڵڵا. حزبوڵایەکی زۆر لاواز و ڕووسیایەک کە بەهۆی شەڕەکەیەوە لە ئۆکراینا تەواو سەرقاڵە، بەرگریکردنیان لە ڕژێمی ئەسەد سەخت و قوورس بووە. ئەوە بەو مانایە نییە کە حزبوڵا یان ڕووسەکان هاوکار نابن، هەردووکیان بە قووڵی وەبەرهێنانیان لە سووریادا کردووە، بەڵام ئەو هێزانەیان نییە کە لە ساڵی 2015 و 2016 هەیانبوو بۆ سەرکوتکردنی یاخیبووان بەکاریان دەهێنا.
دوای کەوتنی حەلەب، وای دەبینم ئەسەد دەسەڵاتەکەی زۆر لاواز دەبێت. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە لە دیمەشق چی ڕوو دەدات؟
زۆری نەخایاند دوای ڕووخانی حەلەب، ڕاپۆرتی پشتڕاستنەکراو هەبوو کە ئەسەد و بنەماڵەکەی لە مۆسکۆ بوون، لەسەر شەقامەکانی پایتەخت شەڕ و پێکدادان ڕوویداوە و یەکە جیاوازەکانی سوپای سووریا لە ململانێدان و لە هەمووی دراماتیکتریش کۆشکی سەرۆکایەتی پەلامار دراوە، پێدەچێت زۆربەی ئەو ڕاپۆرتانە دەرئەنجامی زانیاریی ناڕاست بن، بەڵام ئەوەی لەناو ئەنجوومەنەکانی دەسەڵات لە دیمەشق ڕوو دەدات گرنگ دەبێت بۆ چۆنیەتی پەرەسەندنی ئەم قۆناغە نوێیەی ململانێی سووریا.
ئایا ئەم شەڕکەرانە توانای ئەوەیان هەیە کۆنترۆڵی حەلەب ڕابگرن و هەڵمەتی سەربازی خۆیان لە دژی ڕژێم فراوانتر بکەن؟
بێگومان هێڵەکانی شەڕ گۆڕاون و سووریا جارێکی تر ناوچەیەکی چالاکی شەڕە، بەڵام گرنگە وریا بین لە پێوانەکردنی ئاسۆی ئەو گرووپانەی کە حەلەب و شاری حەمایان گرتووە. ڕۆژنامەنووسێکی نێودەوڵەتی لە سووریادا نییە و پێدەچێت ئەو ڕاپۆرتانەی لەو وڵاتە دێنە دەرەوە پڕ بن لە زانیاریی هەڵە و زانیاری ناڕاست.
تا ئێستە ئەوەی دەیزانین یاخیبوونەکە تێکەڵەیەک لە گرووپە توندڕەوەکان، چەکدارانی سەر بە تورکیا و کوردەکانن. ئەم یاخیبووانە کۆنترۆڵی حەلەب و حەمایان کردووە و بەرەو شارەکانی تر دەڕۆن. پێدەچێت گرووپی سەرەکیی پشت هێرشەکە تەحریر شام بێت، کە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سووریا دروست بوون، کە لقێکی سەر بە قاعیدە بوو بە ناوی جەبهەی نوسرە. هەروەها تەحریر شام لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەزارەتی دەرەوە دایە.
لە حەلەب هێزەکانی حکوومەتی سووریا تووانەوە. بەڵام ئایا گرووپە یاخیبووەکان دەتوانن دەسکەوتەکانیان بپارێزن یان نا، ئەوە بەندە بە کاردانەوەی ڕژێم، ڕووسەکان، حزبوڵا و هەر گروپێکی تر کە ئێرانییەکان بۆ یارمەتیدانی ئەسەد دەستەبەری دەکەن. هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا بۆ پشتیوانی لە ڕژێم هێرشی ئاسمانییان ئەنجام داوە، بەڵام هێشتا ماوە بزانین ئایا حکوومەت و هاوپەیمانەکانی دەتوانن بەرگرییەکی بەرچاو ئەنجام بدەن یان نا.
ئاسۆ و ئەگەری هاتنی هێزەکانی ڕووسیا بۆ یارمەتیدانی ئەسەد چییە وەک ئەوەی ساڵی 2016 کردی؟
ئەوە ئاشکرایە ڕووسیا بە تەواوی سەرقاڵی شەڕە لە ئۆکراینا، بەڵام هێزی لە سووریا هەیە کە بریتین لە فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەری هێرشبەر، پۆلیسی سەربازی وهەروەها 20 بنکەی سەربازییان لە سووریا هەیە. بەشێکی زۆری پاڵپشتییە سەربازییەکانی ڕووسیا بۆ ئەسەد لە شێوەی بۆردمانی بێ جیاوازیی ناوچە یاخیبووەکان بووە لە ئاسمانەوە، لە کاتێکدا حزبوڵا لەسەر زەوی پاڵپشتیی ڕژێمی دەکرد. ئەگەری ئەوە هەیە -لە ڕاستیدا ئەگەری زۆرە- کە ڕووسیا بنکەی ئاسمانسی حمەیمیم لە باکوری ڕۆژئاوای سووریا بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی هەمان شتی پێشوو ئەنجام بدات، بەڵام پێناچێت تەنیا هێزی ئاسمانی بەس بێت بۆ شکست پێ هێنانی یاخیبووان، بەهۆی ئەوەی هێزەکانی حکوومەت ناتوانن یان ئامادە نین بەرەنگاری یاخیبوونەکە ببنەوە و حزبوڵاش نەتوانن هەمان ئەو هێزانە کۆ بکەنەوە کە ڕۆژێک هەیانبوو، ڕووسەکان خۆیان لە دۆخێکی سەختدا دەبیننەوە لە سووریا، هیچ گومانی تێدا نییە کە مۆسکۆ بیەوێت بەرگری لە پێگەی خۆی لە سووریا بکات، بەڵام تا ئێستە ڕوون نییە کە ئایا ئەو بەرگریکردنە ئەسەد دەگرێتەوە یان نا.
وەڵام و کاردانەوەی ئەکتەرە دەرەکییەکانی ترى بەشدار لە سووریا چییە، لەوانە تورکیا، ئیسرائیل، ئێران و ئەمریکا؟
ئێران: عەباس ئێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بڕیار بوو ڕۆژی یەکشەم لەگەڵ هاوتا تورکەکەی لە ئەنقەرە کۆ ببێتەوە، بەڵام لەبری ئەوە بە فڕۆکە بەرەو دیمەشق ڕۆیشت بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی سووریا. ئەسەد کاتی خۆی پێش ئەوەی ڕوو لە مۆسکۆ بکات، داوای پشتیوانیی لە تاران کرد، دوای ئەوەی دۆخەکەی لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو بە هۆی ڕاپەڕینی سووریا لە ساڵی 2011، ئێران بە قووڵی وەبەرهێنانی لە سووریا کردووە بە دەیان بنکەی سەربازی و شوێن و ڕێی تری هەیە، چونکە سووریا گرنگە بۆ پاڵپشتیی تاران لە حزبوڵا جا چ وەک ڕێڕەوی گواستنەوەی چەک، یان شوێنێک بۆ دروستکردنی چەک، یان بنکەیەکی فەرماندەیی بۆ فەرماندەکانی سوپای پاسداران بۆ هاوئاهەنگى لەگەڵ گرووپی چەکداریی لوبنانی. پێگەی ستراتیژی ئێران لە سووریا بەرەو ڕوخان دەچێت؛ هێرشی یاخیبووان بۆ سەر حەلەب و هەڕەشەی ئاشکرا دژی ڕژێمەکە دۆخی ئێران زیاتر دەخاتە مەترسییەوە.
تورکیا: حکوومەتی تورکیا لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانى لەگەڵ سووریا داوە، ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورەیە بۆ ئەنقەرە، چونکە دوای دەست پێ کردنی شەڕی ناوخۆی ساڵی 2011، تورکیا داوای کۆتایی هێنان بە ڕژێمی ئەسەدی دەکرد و خاکی باکوری ڕۆژئاوای سووریای داگیر کرد. پێدەچێت ئێستە تورکەکان هەڵسەنگاندن بۆ ئەو دەستپێشخەرییانە بکەنەوە کە خستیانە بەردەم ڕژێم، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و ڕاوێژکارەکانی پێیان وایە ئەگەری ڕووخانی ئەسەد هەیە، تورکیا دەتوانێت هەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی لە حکوومەتی داهاتووی دیمەشقدا کاریگەرییەکی ناوازەی هەبێت. ئەردۆغان بە پشتبەستن بە ڕێبازی پێشووی ئەردۆغان کە پشتیوانی کردنە لە گرووپە ئیسلامییەکان لە ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر، هەروەها ئەو ڕۆڵە بەرچاوەی تورکیا لە سووریای دوای ئەسەد یارمەتی تورکەکان دەدات کێشەی ئۆتۆنۆمی کورد لە سووریا بەڕێوە ببەن، هەروەها یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ملیۆنان پەنابەر کە زۆربەیان کوردن و لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا ڕێگەیان بەرەو تورکیا بووە و بەدوای سەلامەتیدا دەگەڕێن.
ئەگەر تورکیا لە هەوڵەکانی بەردوام بێت بۆ گۆڕینی ڕژێم لە دیمەشق، ئەوا ئەنقەرە جارێکی تر دەکەوێتە ململانێ لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبییە گەورەکانی وەک عێراق و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کە پێشتر ئاماژەیان بە پشتیوانی لە ئەسەد کردووە، پێدەچێت میسر و سعوودیەش بە لەبەرچاو گرتنی وریایی خۆیان لە گرووپە سیاسییە ئیسلامییەکان کە پشتیوانیی تورکیایان هەیە، پشتگیری لە ڕژێمی سووریا بکەن.
ئیسرائیل: گومانی تێدا نییە شکاندنی بەرەی ئێران و سووریا سوود بە ئاسایشی ئیسرائیل دەگەیەنێت ڕێڕەوی چەکدارکردنی حزبوڵلا کۆتایی دێت، لە هەمان کاتدا ئەگەری کەوتنی ئەسەد ئاڵنگاریی بەرچاو بۆ ئیسرائیل دروست دەکات، بە تایبەت ئەگەر ئیسلامییەکانی سەر بە تورکیا لە سووریادا بگەنە دەسەڵات، بێگومان پێش کەوتنی ئەسەد دەبێت زۆر شت ڕوو بدات، لە ئێستەدا کێشەکانی ئەسەد لە سووریا کێشەی ئێرانە لە سووریا، ئەوەش بۆ ئیسرائیل باشە.
ئەمەریکا: ئەمەریکا لە ئێستەدا 900 کارمەندی سەربازیی لە سووریا هەیە و لە دەوری بنکەی تەنەف کۆ بوونەتەوە، ئەوان لەوێن بۆ یارمەتیدانی ئەوەی کە بە هێزەکانی سووریای دیموکرات ناسراوە دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە پلان دان. دەستبەسەرداگرتنی یاخیبووان بۆ سەر حەلەب و ناوچەکانی تر ئەم ئەرکە ناگۆڕێت؛ لە ڕاستیدا توخمە توندڕەوەکانی ناو یاخیبوونەکە دەتوانن ئەم ئەرکە بە پەلەتر بکەن، بەڵام هێشتا ئەوە پرسیارێکی کراوەیە کە ئایا ئەو هێزانە دوای دەرچوونی ئەمەریکا دەمێننەوە یان نا. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە 20ی جانیوەری دەستبەکار دەبێت، کاتی خۆی لە خولی یەکەمیدا دووجار سوێندی خواردووە ئەو هێزانە بکشێنێتەوە، بەڵام لەبری ئەوە لەژێر فشاری ڕاوێژکارەکاندا هەندێکیانی جێگیر کردەوە، بەگوێرەی جیهانبینییەکەی ترەمپ "ئەمەریکا پێش هەموو شت"، ڕەنگە ئەمجارەیان کشانەوە هەڵبژێرێت بەبێ گوێدانە دۆخی سووریا، کە لە ئێستەدا مەترسیی نییە بۆ سەر ئەمەریکییەکان و نیشتمانی ئەمەریکا.
ستیڤن ئەی کۆک
کونسوڵی کاروباری دەرەوە
وەرگێرانی وشە