دوای كۆتاهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، محەمەد جۆلانی سەرۆكی دەستەی تەحریر شام، یەكەم پەیامی خۆی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، دامەزراوەكان لە ژێر دەستی سەرۆك وەزیران دەمێنێتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی كانوونی یەكەم، لە پەیامێكی ئەبو محەمەد جۆلانی سەرۆكی دەستەی تەحریر شام كە میدیاكان بڵاویان كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، دامەزراوە گشتییەكانی سووریا لە ژێر سەرپەرشتیی محەمەد غازی جەلالی سەرۆك وەزیرانی پێشووی سووریا دەمێنێتەوە تا بە فەرمی رادەستی دەكات.
دەشڵێت، ئێستە پایتەخی سووریا ئازاد كراوە و لە ژێر دەستی ئەسەد نەماوە و دامەزراوەكانیش بە پارێزراو دەمێننەوە.
لای خۆیەوە محەمەد غازی جەلالی سەرۆك وەزیرانی سووریا، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا داوا لە هاووڵاتییان دەكات زیان بە موڵكی گشتی نەگەیەنن و دەشڵێت: دواجار ئەمانە موڵكی خۆتانە و من ئەوەتام لە ماڵەكەی خۆمدا و بەنیاز نیم جێی بهێڵم.
وەك داوا لە سوورییەكان دەكات "هەمووان ژیرانە بیر بكەنەوە، ئێمە دەست درێژ دەكەین تەنانەت بۆ ئەو نەیارانەش كە دەستیان درێژ كردوە و دڵنیایان كردووینەتەوە كە هێرش ناكەنە سەر هیچ هاووڵاتییەكی سووری.”