ئەبو محەمەد جۆلانی كێیە و ئەمەریكا لەبارەیەوە چی دەڵێت؟

:: PM:03:36:08/12/2024 ‌
ئەبو محەمەد جۆلانی كە ناوی ڕاستەقینەی ئەحمەد حوسێن شەرعە، فەرماندەی باڵای گرووپی چەكداری تەحریر شامە كە لە شەڕی ناوخۆی سووریا لە دوای ساڵی 2011 بە چالاكترین كەس ناسراوە.

دەستپێكی ژیانی
ناوی راستەقینەی "ئەحمەد حوسێن شەرع"ـە نازناوی "جۆلانی” لە بەرزاییەكانی جۆلان وەرگیراوە، لە ساڵی 1982 ـە و لە ریازی پایتەخی سعوودیە لە دایك بووە.

ژیانی سەرەتایی و پەروەردە
باوكی جۆلانی فەرمانبەر بووە لە كارتی حكوومی لە شاری دێرەزۆر، لە سەرەتای تەمەنی هەرزەكاریدا لەگەڵ خێزانەكەیدا ڕوویان لە ئیدلب كردووە و لەوێ بڕوانامەی ئامادەیی بەدەست هێناوە پاشان پێوەندی بە كۆلێژی پزیشكی كردووە، دوو ساڵ پزیشكی خوێندووە، لە ساڵی 2003 لەگەڵ رووخانی رژێمی عێراق دێتە ئەو وڵاتە كە لە ساڵی سێیەمی زانكۆدا بووە.

چالاكییەكانی لە عێراق
جۆلانی دوای ساڵی 2003 بۆ شەڕی هێزەكانی ئەمەریكا ڕووی لە عێراق كرد؛ بەخێرایی لەڕێگەی ڕیزەكانی قاعیدە لە عێراقەوە پلەی بەرز بووەوە، لەوێشەوە نزیك بووەوە لە ڕێبەری ڕێكخراوەكە لەوكاتەدا ئەبو موسەب زەرقاوی لە عێراق رابەرایەتیی دەكرد.

دوای كوژرانی زەرقاوی لە ساڵی 2006، جۆلانی عێراقی جێهێشت و بۆ ماوەیەكی كورت لە لبنان مایەوە و لەوێش پاڵپشتی لۆجستیكی بۆ گرووپی چەكداری جوندوشام كرد، بۆ درێژەدان بە شەڕ گەڕایەوە عێراق، بەڵام ئەمجارەیان لەلایەن سوپای ئەمەریكاوە گیرا و لە سەربازگەی بوكا دەستبەسەر كرا كە زیندانی دەیان هەزار چەكداری توندڕەو بوو. لەو قۆناغەدا؛ جۆلانی زمانی عەرەبی كلاسیكی فێری زیندانییەكانی تر دەكرد، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی ناوبانگەكەی.

دوای ئازادبوونی لە زیندانی بوكا لە ساڵی 2008، جۆلانی دەستی بە كاری سەربازی كردەوە، ئەمجارەیان شانبەشانی ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق، بەخێرایی لە شەڕەكاندا دەركەوت و لە پارێزگای نەینەوا وەك بەرپرسی ئۆپراسیۆنەكانی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق دەستنیشان كرا.

شەڕی ناوخۆی سووریا
دوای ماوەیەكی كەم لە سەرهەڵدانی ڕاپەڕین دژی حكوومەتی بەشار ئەسەد، جۆلانی ڕۆڵێكی گرنگی هەبوو لە پلاندانان بۆ دامەزراندنی لقێكی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق لە سووریا، لەوێ سەرپەرشتی پێكهێنانی ئەو گرووپەی كرد كە بە بەرەی نوسرە ناسراوە.

 ئەم گرووپە لقی سووریای دەوڵەتی ئیسلامی عێراق بوو، بە سەرۆكایەتیی ئەبوبەكر بەغدادی، كە كارئاسانی بۆ ئەركەكەی بۆ جۆلانی كرد دوای ئەوەی چەكدار و چەك و پارەیان بۆ دابین كرد.

جۆلانی لە مانگی یەكی ساڵی 2012 وەك ئەمیری نوسرە دەستنیشان كرا، لە هەمان ماوەی ساڵدا؛ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەرەی نوسرەی بە "رێكخراوی تیرۆریستی" ناساند و ئاماژەی بەوە دا كە بەرەی نوسرە تەنیا ناوێكی نادیاری نوێیە بۆ ڕێكخراوی قاعیدە لە عێراق (كە بە دەوڵەتی ئیسلامی عێراقیش ناسراوە). بە سەركردایەتیی جۆلانی؛ نوسرە وردە وردە گەشەی كرد و بوو بە یەكێك لە بەهێزترین "گرووپە جیهادییەكان" لە سووریا.

ئەحمەد شەرع پێش ئەوەی ناوەكەی بۆ جۆلانی بگۆڕێت، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە مانگی ئایاری 2013دا جۆلانی بە "تیرۆریستی جیهانی” دەستنیشان كرد و رای گەیاند، هەركەسێك زانیاری بدات كە ببێتە هۆی گرتنی، بڕی 10 ملیۆن دۆلار خەڵات دەكرێت.

سەرهەڵدانی داعش
جۆلانی لە مانگی نیسانی ساڵی 2013 ناوبانگێكی زۆری بەدەست هێنا كاتێك هەوڵی ئەبوبەكر بەغدادی بۆ تەسفیەكردنی بەرەی نوسرە وەك گرووپێكی لاوەكی ڕەت كردەوە، رازی نەبوو نوسرە بخاتە ناو دەوڵەتی ئیسلامی عێراقەوە بۆ پێكهێنانی ئەو ڕێكخراوەی كە بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ناسرا. 

جۆلانی بەڵێنی دڵسۆزی بۆ ئەیمەن زەواهیری سەرۆكی ڕێكخراوی قاعیدە داوە، كە پاڵپشتی داوای جۆلانی كرد بۆ پاراستنی گرووپەكەی وەك قەوارەیەكی سەربەخۆ. سەرەڕای ئەمەش، نوسرە پێشتر لە ڕێگەی دەوڵەتی ئیسلامی عێراقەوە سوێندی بەیعەتی بە قاعیدە خواردبوو، بەڵام دوای ئەم هەنگاوە ئەم دووەمیانی بەدەر كرد و ڕاستەوخۆ پێوەندی بە یەكەمیانەوە كرد.

 ئەم گۆڕانكارییە لە زنجیرەی دڵسۆزیدا وایكرد كە نوسرە ببێتە لقی فەرمی قاعیدە لە سووریا. سەرەڕای سوێندی وەفاداری بۆ ئەیمەن زەواهیری؛ بەڵام ئەبوبەكر بەغدادی ئەم بڕیارەی ڕەت كردەوە و ڕای گەیاند كە بەردەوام دەبێت لە یەكخستنی ئەو دوو ڕێكخراوە لە ژێر یەك چەتردا، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی پێكدادان لە نێوان بەرەی نوسرە و داعش بۆ كۆنترۆڵكردنی خاكی سووریا.

ئەبو محەمەد لە 28ی ئەیلوولی 2014 بەیاننامەیەكی دەنگی بڵاو كردەوە و بە تەواوەتی ناوبانگی دەركرد و تێیدا ڕای گەیاندبوو، شەڕی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی دەكات و داوای لە چەكدارەكانی كرد كە یارمەتی ڕۆژئاوا قبووڵ نەكەن لە شەڕەكەیان دژی داعش، بەڵام دوای ماوەیەك پەشیمان بووەوە لە هەڕەشەكانی لە ئەمەریكای دەكرد، لە چاوپێكەوتنێكدا كە ڕۆژنامەنووسی ئەمەریكی مارتن سمیس ڕای گەیاند، تەحریر شام هیچ مەترسییەك بۆ سەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دروست ناكات و دەبێت ئیدارەی ئەمەریكا لە لیستی تیرۆریستییەكەیدا دەریبهێنێت.

روونی كردەوە، ڕەخنەی لە هەندێك سیاسەتی ڕۆژئاوا لە ناوچەكە هەیە، بەڵام لەبارەی دەستپێكردنی هێرش بۆ سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا، هیچ بەرنامەیەكی لەو شێوەیان نییە.

چەكدارەكانی ئەبو محەمەد جۆلانی لەگەڵ هێزەكانی تری ئۆپۆزسیۆنی سووریادا بەركەوتەی هەبووە، لە هەندێك كاتدا هێرشی كردووەتە سەریان و لە كاتی تریشدا دەست بەسەر ناوچەكەی ئەوان گرتووە، سەرەڕای ئەمەش هەندێك جار شانبەشانی هێزە ناڕەزایەتییەكان لە لە هەندێك ناوچە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن كاری كردووە.

گەڕانەوەی نوسرە
لە كۆتایی مانگی ئایاری 2015 لە كاتی شەڕی ناوخۆی سووریادا، ڕۆژنامەنووس ئەحمەد مەنسوور چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ جۆلانی ئەنجام دا كە لە كەناڵی جەزیرە پەخش كرابوو، ڕووخساری لەوێ شارابووەوە. لەو چاوپێكەوتنەدا؛ جۆلانی رێككەوتنی ئاشتی جنێڤی بە گاڵتەجار وەسف كرد و بڕیاری شەڕی دا.

ئەبومحەمەد جۆلانی لە 27ـی تشرینی دووەم سەرپەرشتی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سووریای كرد بە دیاریكراوی تەحریر شام، لە هەشتی كانوونی یەكەمی 2024 كۆتایی هاتنی رژێمی بەشار ئەسەدی راگەیاند و دیمەشقی پایتەخی سووریایان گرت.





وشە - رامیار جەواد