بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەكێك لە گەورەترین رووداوەكانی بەخۆیەوە بینی، كاتێك دوای زیاتر لە 50 ساڵ رژێمی حزبی بەعس و فەرمانڕەوایەتیی حافز ئەسەد و بەشاڕی كوڕی لە ماوەی تەنیا 12 رۆژی رووخا، لەوكاتەی 65%ی رووبەری سووریای بەدەستەوە بوو و رووسیا و ئێران و تەواوی میلیشیاكانی پاڵپشتییان دەكرد.
سەبارەت بە هەڵوێستی
ئەمەریكا، دانیێل شابیرۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەحرێن دووپاتی كردەوە كە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد هێزەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی سووریا دەمێننەوە، رێوشوێنی پێویست بۆ رێگرت لە گەڕانەوەی داعش لەو وڵاتە وەردەگرین، بۆیە هێزەكانمان لەوێ دەمێننەوە.
روونی كردەوە، دەزانین دۆخی پشێوی لەسەر خاكی سووریا رەنگە وا بكات داعش هەلێكی بۆ برەخسێت بۆ دەستكردنەوە بە جمجۆڵ و چالاكییەكانی و پلاندانان بۆ ئەنجامدانی هێرشی دەرەكی، هاوكات داوا لەهەموو لایەنەكان دەكەین بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، بەتایبەتی پێكهاتەكان و پابەندبوون بە پێوەرە نێودەوڵەتییەكان.
لای خۆیەوە بنیامین نەتنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رای گەیاند كە رێككەوتنی 1974ی نێوان سووریا و ئیسرائیل بۆ دەستهەڵگرتن لە ململانێ سەبارەت بە ناوچەی جۆلان لە دوای شەڕی تشرینی یەكەمی 1973 كۆتایی هات، كە بەپێی رێككەوتنەكە ناوچەیەكی دابڕاو لە هاتە دامەزراندن.
وەك ئاژانسی "فرانس پرێس" باسی كرد، نەتنیاهۆ فەرمانی داوە بە كۆنترۆڵكردنی سەربازییانەی ناوچە دابڕاوەكە، هاوكات وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رای گەیاند كە هێزی سەربازییان لە ناوچەی دابڕاو لەگەڵ سووریا بڵاو كردووەتەوە، ئەوەش بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی لە بەرزاییەكانی جۆلان.
هەرچی ئێرانە، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە چارەنووسی سووریا پێوەستە بە گەلی سووریا و دەبێت ئەوان بێ دەستوەردانی دەرەكی دیاری بكەن، پێویستە بەپەلە كۆتایی بە ململانێی سەربازی لە سووریا بهێنرێت و رێگری لە كاری تیرۆریستی بكرێت، بە بەشداری هەموو پێكهاتەكانی دەست بە گفتوگۆی نیشتمانی بكرێت بۆ پێكهێنانی دەسەڵاتێكی گشتگیر كە نوێنەرایەتیی هەموو رۆڵەكانی گەلی سووریا بكات.
بەیاننامەكە دووپاتی كردەوە، ئێران پاڵپشتی لە جێبەجێكردنی بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی لە سووریا دەكات، بە پێویستی دەزانین ئاسایشی هەموو هاووڵاتییانی سووریا و وڵاتانی تریش كە لەوێن بێتە پاراستن، جیا لە پاراستنی حورمەتی شوێنە ئاینییەكان و دامەزراوە دیپلۆماسی و كونسوڵگەكان بەپێی یاسا نێوەدەوڵەتییەكان.