سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی رووداوه‌كانی سووریا په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه، و دووپات له پاراستنی پێوه‌ندیی هاوسه‌نگ ده‌كه‌نه‌وه.
له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان هاتووه، ئێمه له هه‌رێمی كوردستان به بایه‌خێكی زۆره‌وه چاودێریی پێشهاته‌كانی سووریا ده‌كه‌ین، داوا له هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین زمانی دیالۆگ و چاره‌سه‌ری ئاشتییانه بگرنه به‌ر، به شێوه‌یه‌ك دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی سووریا، له‌وانه گه‌لی كورد، ده‌سته‌به‌ر بكات، هه‌روه‌ها به‌شداریی كارایان له داڕشتنی داهاتووی وڵات‌دا، مسۆگه‌ر بكات.
"هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی عێراقدا پابه‌ندیی خۆی به پاراستنی پێوەندیی هاوسه‌نگ و كاركردن بۆ به‌هێزكردنی هاوكاریی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ دڵنیابوون له سه‌قامگیریی سووریا دووپات ده‌كاته‌وه. هه‌موو ململانێیه‌ك كه دۆخی ناوچه‌كه ئاڵۆز بكات ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه، هه‌روه‌ها دووپات له پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری و به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو گه‌لان و پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه ده‌كه‌ینه‌وه" له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا وا نووسراوه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێن، له كاتێكدا پێشهاته‌كان خێران، دووپات له گرنگیی یه‌كخستنی هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه بۆ دڵنیابوون له داهاتوویه‌كی سه‌قامگیر بۆ سووریا. بۆیه داوا له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی ناوچه‌كه ده‌كه‌ین ڕۆڵی خۆیان بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه بگێڕن، هه‌روه‌ها پشتگیریمان بۆ خواسته‌كانی گه‌لی سووریا بۆ ئاشتی و ئازادی، دووپات ده‌كه‌ینه‌وه.