ئێران سەركۆنەی هێرشی سەر باڵوێزخانەكەی لە دیمەشق دەكات

:: PM:07:23:08/12/2024 ‌

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەم رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا، ئەوەش دوای ئەوەی گرووپە چەكدارە سوننەكان لە باكوری رۆژئاوای ئەو وڵاتە توانیان لە ماوەی تەنیا 11 رۆژدا هێرشێكی فرەوان دەست پێ بكەن و بەرەو دیمەشقی پایەتەخت پێشڕەوی بكەن، ئەو رژێمەی لەسەر شیعە حسێب بوو و لە لایەن ئێران و میلیشیاكانییەوە پاڵپشتیی دەكرا، بۆیەش دوای كەوتنی، لە دیمەشق هێرش كرایە سەر باڵوێزخانەی ئێران.

ئەمڕۆ یەكشەم ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، سەركۆنەی هێرشی سەر باڵوێزخانەی ئێران لە دیمەشق دەكەین، دووپاتی دەكەینەوە كە پارێزگاریكردن لە ئاسایشی دامەزراوە دیپلۆماسی و كونسوڵگەكان، پرەنسیپێكی سەرەكییە لە یاسای نێودەوڵەتی و پێویستە رێزی لێ بگیرێت. 

روونی كردەوە، ئێران داوای دووبارەنەكردنەوەی ئەو هێرشانە دەكات، هاوكات تاران لە پێوەندیدایە لەگەڵ هەموو لایەنە پێوەندیدارەكان بە دۆخی سووریا بۆ ئەو مەبەستە.

شایەنی باسە ئەمڕۆ دوای چەند سەعاتێك لە راگەیاندنی رووخانی ئەسەد، ژمارەیەك هاووڵاتیی سووریا هەڵیان كوتایە سەر تەلاری باڵوێزخانەی ئێران لە دیمەشق و تاڵانیان كرد، كەلوپەلەكانیان تێكشكاند و وێنە و نووسراوەكانی سەریان دڕاند، لای خۆیەوە محەمەد جۆلانی، سەركردەی گرووپی تەحریر شام دوای گەیشتنی بە دیمەشق رای گەیاند، ئەسەد سووریای كردبووە كێڵگەیەك بۆ خواستەكانی ئێران، تایفیەتی بڵاو كردەوە و سووریای كردبووە كارگەیەكی كپتاگۆن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل