سوپای سووریا بۆچی شەڕی نەكرد و شكا؟

:: PM:08:00:08/12/2024 ‌

بەر لە كەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد و لە كاتی راگەیاندنی رێككەوتنی ئاگربەست لە لبنان، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێكی باسی ئەوەی كرد كە ئەسەد یاری بە ئاگر دەكات، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی خاكەكەی كردووەتە گۆڕەپانێك بۆ هێرشی میلیشیاكانی ئێران، رووخانی بەشار ئەسەد ئەوەندە خێرا بوو كە كەس پێشبینی بەو شێوەیە نەدەكرد، بەڵام سوپای سووریا بۆچی شەڕی نەكرد و تا كۆتایی یارییەكە لە پاشەكشە و شكان بەردەوام بوو؟

هەیسەم حوسێن، شارەزای سەربازی دەڵێت، نهێنیی كەوتنی بەشار ئەسەد چوونەدەرەوەی حزبوڵای لبنان و میلیشیاكانی عێراق و هێزەكانی رووسیا بوو لە هاوكێشەكە، كە وایای كرد سوپای سووریا لە ماوەی هەفتەیەك بەرانبەر بە تەحریر شام بڕووخێت و رووخانەكەی بە رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ی كانوونی یەكەمی 2024 و هەڵاتنی بۆ شوێنێكی نەناسراو، كە رەنگە رووسیا بێت، بەكۆتا بێت.

روونی كردەوە، سوپای سووریا لە 2011ەوە بەشێكی زۆری سەربازەكانی لێی جیا بوونەوە و هەڵاتن، یان پێوەندییان بە گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆن كرد، جیا لە كەمیی كەرەستە و راهێنان و چەك و توانای سەربازی بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوورییەوە، بۆیە خۆی و سوپاكەی پشتیان بە حزبوڵای لبنانی و میلیشیا عێراقییەكان بەست، جیا لە هێزەكانی رووسیا، بۆیە ئەوان لە سەرەتاوە ورەیان رووخا بوو، دوای راگەیاندنی ئاگربەستی لبنان و راگەیاندنی رووسیا بەوەی پلانی پاڵپشتیكردنی ئەسەدی نییە، سوپای سووریا دەستی بە پاشەكشە كرد و بەتەواوەتی رووخا.

ئەو شارەزایە دەڵێت، ناتوانین ئەوە بڵێین كە رووسیا و ئێران بە ویستی خۆیان وازیان لە پاڵپشتیكردنی ئەسەد هێنا، بەڵام گوشاری ئەمەریكا و ئەوروپا لەسەر حكوومەتی لبنان و كوشتنی ئیسرائیل بۆ تەواوی فەرماندە سەربازییەكانی حزبوڵا لە ماوەی چەند مانگێك، جیا لەوەی ئەگەر هەیە مانگی رابردوو دەستەوارەیەكی نهێنی لە نێوان ئیلۆن ماسك، وەزیری توانست لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و ئەمیر ئاروانی، نێردراوی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان لەوبارەوە لەسەر حیسابی سووریا ساز كرابێت. 

حوسێن ئاماژەی كرد، هەرچی رووسیایە كەس ناتوانێت نكووڵی لەوە بكات كە بەهۆی شەڕی ئۆكرایناوە شەكەتە، كە ئەو وڵاتە لە لایەن ئەمەریكا و ئەوروپاوە پاڵپشتی دەكرێت، بۆیە لەوە تێگەیشتن كە لە سووریا پلانێكی بۆ دانراوەتەوە بۆ لاوازكردنی زیاتری، هاوكات بۆی دووپات بووەوە كە رژێمی ئەسەد لە بەرانبەر گرووپە چەكدارە هێرشبەرەكان لەرزۆك و لاوازە، بۆیە لە دوا ساتەكان كشانەوەی پاڵپشتیی خۆی لە رژێمی ئەسەد راگەیاند.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل