مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی گۆڕانكاری و رووداوەكانی سووریا پەیامێكی بڵاو كردەوە، لە پەیامەكەدا دووپات لەوە كراوەتەوە كە رێز لە بژاردە و ئیرادەی گەلانی سووریا دەگرن.
ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی كانوونی یەكەمی 2024، لە پەیامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووە، لەبارەى گۆڕانکاری و ڕووداوی ئەمڕۆی وڵاتی سووریا، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێز لە بژاردە و ئیرادەی گەلانی سووریا دەگرین.
لە پەیامەكەدا ئەوەیش هاتووە، ھیوادارین قۆناغی داھاتوو، قۆناغی خۆشی و ئارامی و کۆتاییھاتنی ئاڵۆزییەکان و سەرەتایەکی نوێ بێت لە پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنی گشت پێکھاتەکانی ئەو وڵاتە، ھەروەھا ژینگەیەکی لەبار و دەرفەتی گونجاوی سەردەمییانە بڕەخسێت بۆ ژیانێکی شایستە بە گەلانی سووریا لە ھەموو ڕوویەکەوە.
لە بەشێكی تری پەیامەكەدا هاتووە، لەلایەکی ترەوە ھیوادارین ئەم گۆڕانکارییە کاریگەریی ئەرێنی لە پێوەندییەكانی دەرەوەی سووریا و ڕەنگدانەوەی باشی ھەبێ لە چارەسەری کێشە و گرفت و پەرەسەندنەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە سەرتاسەری ناوچەکە و زمانی دیالۆگ ببێتە بنەمای سەرەکی بۆ چارەسەری گشت کێشەکان و ڕێز لە ئیرادە و خواستی گەلان بگیرێ.