پێگەی سەرۆك بارزانی و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان وایان كردووە هەرێم ملكەچی هیچ لایەنێك نەبێت

:: PM:08:56:08/12/2024 ‌

شارەزایان باس لەوە دەكەن كە بەهێزی و رۆڵ و پێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دانیشتنی لەگەڵ وڵاتە زلهێزەكان، وای كردووە بەغدا هەموو هەوڵێك بدات بۆ لێدان لە قەوارەی هەرێم، دووپاتی دەكەنەوە كە بەغدا هیچكات ناتوانێت بچووكترین زیان بە قەوارەی هەرێمی كوردستان بگەیەنێت.

لای خۆیەوە عومەر ئەحمەد، مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی گوت، حكوومەتی عێراق ئەگەر لە بابەتێكدا كێشەی هەبێت، ئەویش نامێنێت و دەڕوات، بەڵام هەرێم هەر بەوجۆرە لە بەهێزیدا دەمێنێتەوە، هەركاتێك بابەتێكی ئابووری و كۆمەڵایەتی بۆ هەرێم دروست بكرێت، هەموو لایەنە كوردییەكان لە بەغدا دەست لەناو دەست دژی دەوەستنەوە، ئەوەی ناوی لێ نراوە دیموكراسی و پێكەوەژیان، لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە بەسەر عێراق فەرز كراوە، بۆیە شتێكی خۆرسك نییە و خەڵكی عێراق خواستیان نییە پێكەوەژیان لە نێوان كورد و عەرەب هەبێت، هەموو خەیاڵی بەغدا لای ئەوەیە چۆن كورد كەم بكاتەوە و قەوارەكەی لاواز بكات.

روونی كردەوە، ئەوان نایانەوێ كورد نیوچە سەربەخۆیی هەبێت، بۆیە ئەوانەی چەپڵەیان بۆ عێراق و دەسەڵاتی عێراق لێ دەدا، نە لە مێژوو شارەزان نە لە سیاسەت، ئێستە هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و پێوەندی لەگەڵ دەبەسترێت، ئەمەش زۆر گرنگە كە كوردستان خاوەنی پێگەیەكی بەهێزە و ئەو پێوەندییانەش كاریگەرییان لەسەر ئایندەی كوردستان دەبێت، لەكاتێكدا بەغدا هەوڵی لاوازكردنی كوردستان دەدات، بەڵام لە دەرەوەی هەرێم خاوەن پێگەی بەهێزە و وڵاتانی زلهێز پێوەندییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە.

لای خۆیەوە ناسر هەركی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی وای كردووە بەغدا كار بۆ بچووككردنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكات، بەهێزیی پێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوچەكەدا، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بەغدا تەنیا لە چوارچێوەییەكی نەزەری لەو بابەتەدا كار دەكات و ناتوانێت بەشێوەی كرداری دەست بۆ قەوارەی هەرێم درێژ بكات، واتە تەنیا قسە و هەندێك گوشار دەكات.

زیاتر گوتی، هەرێمی كوردستان لە هەموو دنیا ناسراوە و قەوارەیەكی دەستووری و یاساییە، بۆیە هیچ كەسێك ناتوانێت لە پێگەی ئەو قەوارەكە كەم بكاتەوە، ئەوەشی بەغدا بە مووچە گرتوویەتی و دەیەوێ بەوجۆرە لە پێگەی هەرێم بدات، ئەوە شتێكی كاتییە و لە كۆتاییدا بۆ بەغدا دەردەكەوێت كە هەرێمی كوردستان خاوەنی چ بەهێزییەكە و چ رۆڵێكی گرنگی لە دەرەوە هەیە، بۆیە هەرێمی كوردستان فیدراڵییە و ئەو دۆخە بەوجۆرە بەردەوام نابێت.

پێوەست بە هەوڵەكانی بەغدا بۆ ملكەچكردنی هەرێمی كوردستان، شڤان كوردستانی، شارەزای پێوەندییەكان بە "وشە"ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان مەرجەعێكی گەورە سەرپەرشتیی دەكات كە سەرۆك بارزانییە، ئەو شەو و رۆژی خستووەتە سەر یەك تا هیچ ناحەزێك دەستی بە كوردستان نەگات، هەروەها خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان، وای كردووە پێگەی كوردستان وەك خۆی بمێنێتەوە و مل بۆ هیچ كەس و وڵاتێك نەدات.

ئاماژەی كرد، بەغدا ناتوانێت سیاسەتێك لەگەڵ هەرێم پێڕەو بكات كە لە كۆتاییدا بە خراپ بەسەر خۆیدا دەشكێتەوە و ناتوانێت هەرێم بێ دەسەڵات بكات، هاوكات بەغدا هی ئەوە نییە كە هەرێم پشتی پێ ببەستێت و لە ناوخۆش ئەوانەی هەوڵ بۆ بەغدا دەدەن، لە كۆتاییدا لە هەموو شت تێدەگەن.
 
وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل