سوپای ئیسرائیل دەچێتە ناو سنوورەكانی سووریا بە بەرەیەكی شەڕی دادەنێت

:: PM:09:21:08/12/2024 ‌

دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەم گرووپە چەكدارە سوننەكان چوونە ناو دیمەشقی پایەتەختی سووریا و رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد هاتە راگەیاندن، ئیسرائیل دەستی بە چەند جموجۆڵێك كرد، فڕۆكە جەنگییەكانی جبەخانەكانی سوپای سووریایان لە دیمەشق و چەند پارێزگایەك بۆردمان كرد، هێزە تایبەتەكانیشی ناوچەی دابڕاوی نێوان هەردوو وڵاتیان كۆنترۆڵ كرد.

ئەمڕۆ بنیامین نەتنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدی بە مێژوویی وەسف كرد، هاوكات گورزێك بوو بۆ بەرەی بەرگریكاری و ئێران، ئەو رای گەیاند كە رێككەوتنی وەستانی ململانێی لە نێوان وڵاتەكەی سووریا هەڵوەشاندنەوە و داوای لە سوپای ئیسرائیل كرد دەست بەسەر ناوچە دابڕاوەكەدا بگرن.

ئەمڕۆ یەكشەم هارتسی هالیڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل سووریای وەك چوارەم بەرەی شەڕ بۆ سوپای وڵاتەكەی وەسف كرد، گوتی، سوپای ئیسرائیل لە بەرەكانی غەزە و بەری رۆژئاوا و لبنان و ولەمشەویشەوە لە سووریا لەشەڕدایە.

ئێوارەی ئەمڕۆ میدیاكانی ئیسرائیل رایان گەیاند كە سوپای وڵاتەكەیان بێ هیچ بەرگرییەك كۆنترۆڵی جەبەل شێخی سووریای كردووە، هاوكات سوپای ئیسرائیل دانیشتووانی پێنج گوند و شارەدێی لە باشووری سووریا وریا كردەوە بەوەی لە ماڵەكانیان بمێننەوە و نەینە دەرەوە.

سوپای ئیسرائیل دانیشتووانی ناوچەكانی ئۆفانییە و قنێترە و حەمیدییە و سەمەدانییەی رۆژئاوا و قەحتانییەی ئاگەدار كردەوە، بەوەی بۆ سەلامەتیی گیانی خۆیان نەیەنە دەرەوە، جیا لەوە هێزەكانی ئیسرائیل چوونە ناو شاری خان ئەنبە ناوەندی پارێزگای قنێترە، لە ناوچەی جۆلان قەدەغەی هاتوچۆی سەپاند و ناوچەكەشی وەك ناوچەیەكی سەربازی راگەیاند و بۆ كەس نییە بچێتە ناویەوە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل