بایدن: بەهۆی تاوانەكانی پێویستە لێپرسینەوە لە ئەسەد بكرێت

:: PM:10:45:08/12/2024 ‌

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەم چەكدارە سوننەكان چوونە ناو دیمەشقی پایەتەختی سووریا و رژێمی بەشار ئەسەد رووخا، ئەمشەو جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە لە كۆتاییەكەی رژێمی بەشار ئەسەد رووخا، دوای ئەوەی سوورییەكانی ئازار دا و ئەوانی كوشت، بۆیە بۆ گەلی سووریا ساتێكی مێژوویی بوو.

روونی كردەوە، نازانین بەشار ئەسەد لەكوێیە، دەڵێن ئەو لە مۆسكۆیە، پێویستە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت بەهۆی تاوانەكانی بەرانبەر بە سەتان هەزار كەسی بێتاوانی سووری، لە كوشتن و ئازاردانیان، دووپاتی كردەوە كە رووسیا و ئێران نەیانتوانی بەرگری لە ئەسەد بكەن، چونكە ئەمەریكا توانی ئەوان لاواز بكات.

بایدن بەڵێنی دا مامەڵە لەگەڵ گرووپە سوورییەكان بكات بۆ قۆناغی داهاتوو، گوتی، ئێمە چاودێریی سەركردایەتیی نوێ دەكەین و كارەكانیان هەڵدەسەنگێنن نەك قسەكانیان، ئەمەریكا ئاسایشی رۆژهەڵاتی سووریا دەپارێزێت و رێگری لە گەڕانەوەی داعش دەكات، سەبارەت بە قۆناغی گوێزەرەوە لە سووریا لەگەڵ سەرانی وڵاتانی ناوچەكە قسە دەكەین.  

بایدن دووپاتی كردەوە كە بوونی سەربازیی ئەمەریكا لە سووریا دەمێنتێتەوە بۆ مسۆگەركردنی نەگەڕانەوەی داعش و رووبەڕووبوونەوەی گرووپەكانی سەر بە ئێران، ئەمەریكا پاڵپشتی لە دراوسێكانی سووریا دەكات لەوانە ئوردن و عێراق و ئیسرائیل و لبنان، ئەمەریكا رێگە نادات بەوەی سووریا ببێتە مۆڵگەیەكی داعش و پێویستە گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا پابەندی یاسا بن و پێكهاتەكانی بپارێزن، ئەوەش لە سووریا رووی دا هەلێكە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل