بۆچی رۆژانی رابردوو نرخی دۆلار بەرز بووەوە؟

:: PM:08:55:16/12/2024 ‌
هەڵبەز و دابەزی بەهای دۆلار بەرانبەر دینار زۆر هەستیار بووە لە عێراق، بە جۆرێك هەر گۆڕانكارییەك لە بازاڕدا لەلایەک سیاسەت دەبێتە هۆی گۆڕانكاری لە بەهاكەی و لەلایەكی تریشەوە حكوومەتی عێراق و بانكی ناوەندی نەیانتوانیوە كۆنترۆڵیان هەبێت، هەر بەم هۆیەش بەردەوام دۆلار هەڵبەز و دابەزی بەردەوام دەكات، شرۆڤەكارێكی ئابووریش هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە چەند رۆژی رابردوودا شی دەكاتەوە. 

ئەحمەد عید شرۆڤەكاری ئابووریی عێراقی بە ماڵپەڕێكی عێراقیی راگەیاندووە، گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی سووریا هۆكارێكی ترن لەوەی كە لەم چەند رۆژەی رابردوودا نرخی دۆلار هەڵبەز و دابەزی بەردەوامی كردووە، ئەمیش بەهۆی ئەوەی گۆڕانكارییەكان لەم وڵاتە زیانی بە بەرژەوەندیی گەورە سەركردەكانی میلیشیاكانی عێراق گەیاندووە.

عید روونی كردووەتەوە، گەورە بەرپرسانی میلیشیاكان ترسیان لە لێدانی پێگە و نفوزی ئێرانی هەیە لە عێراق، هەر بەم هۆیەوە داواكارییەكی زۆر لەلایەن ئەمانەوە لەسەر دۆلار هەیە و پارەكانیان بە خێرایی دەگۆڕن بۆ دۆلار، ئەمەش وای كردووە لەم چەند رۆژەی رابردوودا بەهای دۆلار تۆزێك بەرز ببێتەوە. 

لەلایەكی ترەوە هەر بەهۆی دۆخی سووریا و داخستنی سنوورەكانی عێراق لەگەڵ ئەم وڵاتە، بازرگانان بۆ پڕكردنەوەی پێویستی بازاڕ لەو كاڵایانەی كە پێشتر هاوردە دەكران، ناچارن روو لە وڵاتانی وەك میسر، توركیا و وڵاتانی تر بكەن بۆ دەستخستنی پێویستییەكانیان، ئەمەش پێویستی بە دۆلاری كاش هەیە بۆ دابینكردنی پێویستی بازاڕ و دابینكردنی كاڵاكان لەلایەن ئەم بازرگانانەوە، بەم هۆیەشەوە خواست دووبارە لەسەر دۆلار بەرز بووەتەوە. 

لە پاڵ ئەمانەشدا، بردنەدەرەوەی دراوی عێراقی و سپیكردنەوەی لە دەرەوەی وڵاتدا تا ئێستە بەردەوامیی هەیە، بەگوێرەی قسەی ئەم شرۆڤەكارە ئابوورییە، ئەمانە هەمووی پێكەوە هۆكارە نوێیەكانی پشت بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارن.


وشە - پۆڵا مەحموود