ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی مەسروور بارزانی و ئەردۆغان بڵاو كرایەوە

:: PM:03:58:07/01/2025 ‌
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەیدا بۆ توركیا، لە كۆشكی كۆماری لە ئەنكەرە، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا بەهێزكردنی پێوەندیی دوولایەنە و دواین پەرەسەندن و پێشهاتەكانی عێراق و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و سووریا تاوتوێ كرا.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەدا، دووپات لە گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و نەهێشتنی ئاستەنگەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كرا.

لەبارەی دۆخی سووریاش، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش و مافی گشت پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە.

ئەمڕۆ سێشەم حەوتی كانوونی دووەمی 2025، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە ئەنكەرە، لەگەڵ رەجەیب تەیب ئەرۆدغان سەرۆكی ئەو وڵاتە و هاكان فیدان وەزیری دەرەوە و چەندان بەرپرسی تری باڵا كۆبووەوە.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم