د. وەعدی مزوری شارەزای بواری یاسا لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر بڕیار و ستەمەكانی دادگای فیدراڵیی عێراق بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان، پێی وایە چونكە دادگاكە خۆی نادەستورییە، بڕیارەكانی بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان دژایەتیكردنە و ئامانجی ئەوەیە لە پێگەی كورد بدات، دووپاتی كردەوە كە تەواوی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی سیاسین و دەستێكیان لەپشتە.
*دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیارەكانی بەرانبەر بە هەرێم جیاوازییان تێدا دەكرێت، هۆكاری ئەمە چییە؟
خۆی دادگای فیدراڵی دامەزراوەیەكی دەستوورییە، بەڵام بەداخەوە شێوازی كاركردنی نادەستوورییانەیە و ئەوەش وای لێ كردووە، بڕیارەكانی بە میزاجی سیاسی بكرێن، هەر بڕیارێكیش كە بە میزاجی سیاسی دەرچوو، ئەوەی لە بەرژەوەندیی بەغدایە جێبەجێ دەكرێت و ئەوەی لە بەرژەوەندیی هەرێمە جێبەجێ ناكرێت، بۆیە بڕیارەكانی دژی هەرێم لە كاتی خۆیدا جێبەجێ دەكرێن، ئەمە وای كردووە جیاوازی لە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیدا هەبێت.
*كاتێك دادگایەك بەو جۆرە جیاوازی لە بڕیارەكانی بكات، هیچ واتایەك بۆ گرنگی و میسداقیەتی دەمێنێتەوە؟
نەخێر، بگرە گومانیشی لەسەر دروست بووە، ئێمە دەزانین ئەو دادگایە بە یاسا دانەمەزراوە، بە بڕیاری ئایاد عەلاوی دامەزراوە، بەپێی دەستوور نییە، پێویستی بە یاسایەك هەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران، بەڵام تا ئێستە ئەو یاسایە دەرنەچووە و دادگاكە بە نەفەسێكی تائیفی و سیاسی دەڕوات.
*دادگاكە بەناو فیدراڵییە كەچی هەژموونی شیعە بەسەریدا زاڵە، بۆچی؟
ئەو دادگایە پێنج ئەندامی شیعە و دوو ئەندامی سوننە و دوو ئەندامەكەیتری كوردن، واتە هەركات بڕیارێك خۆیان بیانەوێ دژی كورد یان سوننە، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەندامەكانی تر دەیكەن، بڕیارەكانیش بە زۆرینە دەردەچن، كەواتە خۆیان بڕیار دەرن، ئەمە وای كردووە دادگاكە لە لایەك بە سیاسی و لە لایەك بە گومانەوە سەیر بكرێت و میسداقیەتی نەمێنێت.
*پێوەست بە هەرێمی كوردستان، ئەو دادگایە لە ماوەی دوو ساڵدا زۆرترین بڕیاری دژی كورد داوە، ئەمە بۆچی؟
ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی كە دژی هەرێمی كوردستان دەری كردوون جۆرێك بوون لە هەڕەشە، دادگاكە هەر بڕیارێك بدات كە لە دژی كوردستان بێت دەستبەجێ جێبەجێ دەكرێت.
*دادگای فیدراڵی لە مانگی ئاداری ساڵی رابردوو بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێم دەركرد، بەڵام جێبەجێ نەكرا، هۆكار چییە؟
ئەو دادگایە بڕیارەكانی كە دەری دەكات سیاسین و هەندێكجار بۆ ئەوەیە دادگاكە گومانی لەسەر دروست نەبێت، ئەگەرنا جێبەجێكردن نییە، دادگاكە بڕیاری دا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم مانگانە وەك فەرمانبەرانی عێراق رەوانە بكرێت، بەڵام هیچ مانگێك لە دوای بڕیارەكە، پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە نەكراوە، بۆیە میزاجێكی سیاسی لەپشت بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییە، شەقامی عێراقیش هۆكارێكە بۆ ئەو بڕیارانەی دادگا.
دادگاكە تەنیا كاری بووە بە دژایەتیكردنی حكوومەتی هەرێم، ئایا لە عێراق حوكمڕانی ئەوەندە باشە كە هیچ بڕیارێك دژی خۆیان دەرناچێت؟
رەنگە لە رابردوو بڕیاریان دژی حكوومەتی عێراق دەركردبێت، بەڵام تەنیا بڕیار بووە و جێبەجێكردن نییە، دادگاكە بۆ دژایەتیكردنی كورد و كوردستانە، ئێستە لای هەموان روون بووەتەوە و دادگاكە گومانی لەسەرە و نایاساییە، دەستووری نییە، كەچی نەیار و كەسانێك هەن ژێر بەژێری رێنوێنیی ئەو دادگایە دەكات و بەرەو ئاراستەیەكی تری دەبات.
*ئەگەر دادگاكە بەوشێوە و نەفەسە كار بكات بۆ داهاتوو چارەنووسی چی دەبێت؟
دەبێت هەیكەلی ئەو دادگایە دروست بكرێتەوە و لەو چوارچێوەیە دەربهێنرێت كە سیاسییانە كار بكات، واتە زیاتر كاری دژایەتی بێت نەك چارەسەركردن.
*دادگا دەسەڵاتێكی بەرزە و دەبێت كارەكانیشی دادپەروەرییان پێوە دیاربێت، تێبینیتان لەسەر دادگەی فیدراڵی چییە؟
ئەگەر سەیری رابردوو بكەین، هەر جۆرە دامەزراوە و حكوومەتێك دژی خەڵكی خۆی بوەستێتەوە، هەر رۆژێك دێت هەڵدەوەشێتەوە و نامێنێت، ئەو دادگایە كە دژی كوردە كەواتە چاوەڕوانكراوە، چەندین تێبینی لەسەر ئەو دادگایە هەیە، گرنگترین شت ئەوەیە لەسەر بنەمای دەستوور دانەمەزراوە.
*جیاوازی لە نێوان دادگای فیدراڵی و دادگای سەورەی عێراقی لە سیاسەتەكانیان بەرانبەر بە كورد چییە؟
هەمووان دەیانزانی كاری دادگای سەورە چییە و چۆن كاری دەكرد، ئەو دادگایە كە بەو جۆرە كاری دەكرد چی بەسەر هات، ئەی دادگای فیدراڵی كە بە ناوی دەستوور كارەكان دەكات، كەواتە چی بەسەر دێت، خۆ لەو باشتر نابێت، پێویستە دادگا لە ژێر چەتری دەستوور دابمەزرێت.
*بەرانبەر بە بڕیارەكانی ئەو دادگایە و بەغدا پێویستە كورد و لایەنە سیاسییەكانی چی بكەن؟
پێویستە لایەنە كوردییەكان هەڵوێستی پێكەوەییان هەبێت، هەروەها ئەندامانی كورد لەو دادگایە هەڵوێستیان هەبێت و بێدەنگ نەبن، دەبوو هەر لە ماوەكانی رابردوو كە دژی كورد بڕیاریان دەدا هەڵوێستیان هەبوایە و دەستیان لەكار بكێشایەتەوە، بەڵام كوردیش یەك نین، هەندێك كەس لە ناو ماڵی كورد هەن لە ناوخۆ یارمەتیدەرن بۆ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی.
وشە/ هۆشیار عەلی