"ئەوەی بەغدا دەیكات ستەمە و دەیەوێ دۆخێكی خراپ لە هەرێمی كوردستان دروست بكات"

:: PM:10:10:11/01/2025 ‌

سیاسەتوان و شارەزایان باس لەوە دەكەن كە بەغدا بەردەوام ستەم لە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی دەكات، بۆیە پێویستە كۆتایی بەو ستەمە بهێنرێت و چیتر رێگە نەدرێت بەردەوام بێت، بەغدا بە هەموو شێوەیەك دژایەتیی هەرێمی كوردستان دەكات و هیچكات هی ئەوە نییە هیوای لەسەر هەڵچنرێت، دەیەوێ بە هەموو شێوەیەك هەرێمی كوردستان بخاتە بەردەم دۆخێك كە بەهۆیەوە پشێوی و نائارامی دروست بكات.

ناسر هەركی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، دادگای فیدراڵی وەك ئامرازێكە ‌و بەكار دەهێنرێت، ئەگەرنا چۆن دادگای وڵاتێك بڕیار دەردەكات و حكوومەت جێبەجێی ناكات، بۆیە بەغدا ئامادە ‌نییە ئەو مافانەی كە بە عێراقییەكانی داوە، بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانی بدات، لە رابردوودا چەندان جار ئەوە رووی داوە، هەرچەندە بە بڕیار شت بكرێت، دەبوو ئەگەر رێككەوتنەكانیش جێبەجێ نەكرابایە، پابەندی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بن بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، كەوایە بوون و نەبوونی ئەو دادگایە چییە كە بڕیارەكانی جێبەجێ ناكرێت؟، خۆ دژی كورد بوایە دەمێك بوو وەك بڕیارەكانی تر جێبەجێیان دەكرد.
 
زیاتر گوتی، نابێت دڵمان بەوە خۆش بێت كە حكوومەت یان دادگای فیدراڵی بڕیاری لێ داوە و لە بەرژەوەندیی فەرمانبەرانە، ئەوانە تەنیا قسەن و بۆ ئەوەیە خەڵك بڵێت بەغدا وای كرد، رۆژ بەرۆژ بیانووی تر دەدۆزێتەوە، سبەینێ ئەگەر بەغدا خۆی مووچە بدات، چەندان گرفتی تر دەدۆزێتەوە و وا دەكات لە ئێستە خراپتر بێت، ئەوەی بەغدا دەیكات هەموو بیانووە و دەیەوێت كوردستان لاواز بێ و لای ئەوان ئەوە بڕاوەتەوە، هەتا حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی هەبێت ئەو شتێك ناكات، ئەوەندەی مەبەستی لاوازكردنی حكوومەتی هەرێمە، ئەوەندە مەبەستی پێدانی مووچە نییە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بەئاشكرا بە هەموو خەڵكی گوت كە بەغدا ستەم و كاری نادادپەروەری بەرانبەر بە هەرێم دەكات و قبووڵكراویش نییە. 

لای خۆیەوە كاوە ئەحمەد مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی گوت، دادگەی باڵای فیدراڵی بەپێی مادەی 92ی دەستووری عێراق پێناسە كراوە، لە بڕگەی یەكی ئەو مادەیە دەڵێت، دادگەی باڵای فیدراڵی لە رووی كارگێڕی و داراییەوە دادگەیەكی سەربەخۆیە، بەڵام لە رووی كارگێڕییەوە هیچ كات بڕیارەكانی وا نابینرێت كە سەربەخۆ بن و بەردەوام دوورن لە یاسا و بڕیاری سیاسین، ئەگەرنا چۆن دادگەی فیدراڵی بڕیار دەردەكات و وەزارەتێك یان حكوومەت پێوەی پابەند نابن، ئەوەی بەغدا دەیكات زۆر خراپە و دەیەوێ بەو كارانەی دۆخێكی خراپ لە هەرێم دروست بكات.

روونی كردەوە، ئەگەر دژی هەرێمی كوردستان بڕیار بدەن، خێرا بڕیارەكان جێبەجێ دەكرێن، كەچی كاتێك لە بەرژەوەندیی هەرێم بڕیار بدرێت، پابەندبوون نییە و كاری پێ ناكرێت، بە چ هەقێك فەرمانبەران بێ مووچە دەكرێن و قووتیان نادرێت، ئەمە چ پێوەندیی بە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداوە هەیە و فەرمانبەرانی هەرێم شایەنی ئەوە نین، بەڵام ئەمە سیاسەتی بەغدایە بەرانبەر بە كورد، دەیەوێ وا لە خەڵك بكات هیچ ئینتیمایەكیان بۆ خۆیان و حكوومەتیان نەبێت و حكوومەت بەرانبەر خەڵك ئاستنزم نیشان بدات.

هەر پێوەست بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی نەژاد ساڵح رۆشنبیر و نووسەرێكی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، رێككەوتن لە نێوان هەردوو حكوومەت لەبارەی مووچە و بودجە كراوە، هەروەها لە یاسای بودجە پشكی هەرێمی كوردستان دیاری كرا و یەكلا بووەوە و پەرلەمانتاران دەنگیان پێی دا، بەڵام تا ئێستە بەغدا پابەندی رێككەوتنەكە و جێبەجێكردنی یاسای بودجە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان نەبووە، كاتی پێكهێنانی حكوومەتیش رێككەوتن كراوە، بەڵام دیسان بەغدا پێوەی پابەند نەبووە، بەڵام ئەوان ناتوانن هەرێم لاواز بكەن.

وشە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل