د. كۆچەر بیركار گۆرانییەكی قادر دیلان دەڵێتەوە

:: AM:09:49:12/01/2025 ‌
لە كۆنسێرتی گەلا لە چین لە زانكۆی چینگوا كە زانكۆیەكی بەناوبانگی دنیا و لەسەر ئاستی دنیا پلەی 12 یەمی هەیە، د. كۆچەر بیركار گۆرانیی كوردی دەڵێت.

كۆچەر بیركار لەو زانكۆیە موزیكی كوردی دەژەنێت و گۆرانیی كوردی دەڵێت، لەگەڵ خێزانە تایلەندییەكەی و كوڕەكەی، گۆرانییەكی قادر دیلان بەناوی "فریشتە" كە شیعری گۆرانە دەڵێنەوە.

زانای بواری بیركاری "كۆچەر بیركار" لە ناوەڕاستی جەنگی ئێران-عێراقدا، لە كوردستانی رۆژهەڵات لە شارۆچكەی مەریوان  لەناو كێڵگەیەكی دانەوێڵەدا لە دایك بووە، پاش ئەوەی كۆچ دەكات بۆ بەریتانیا، گەورەترین داهێنان لە یەكخستنی هاوكێشە بێكۆتاكانی بیركاریدا دەكات.

بیركار هەمیشە كەسێكە كولتوور و زمانی خۆی خۆشویستووە و بەردەوام بایەخی بەكوردبوونی خۆی داوە و شانازی پێوە كردووە، هەر ئەم خۆشەویستییەش وای كرد وەك زانایەكی كورد لەسەر ئاستی دنیا بناسرێت.

بیركار كە ئێستە تەمەنی زیاترە 40 ساڵە و دەڵێت: هەرگیز چاوەڕێی ئەوەم نەدەكرد ببمە كەسێكی وەك ئەوەی ئێستە.

لە توێژینەوەیەكدا كە ساڵی 2016 پێشكەشی كردووە، توانی ئەوە بسەلمێنێت كە ژمارەی بێسنووری هاوكێشە گۆڕاوەكان، لە تایبەتمەندییەكانی چەند ژمارەیەكی سنوورداردا كۆ بكاتەوە، دەرئەنجامی ئەم داهێنانە لە هاوكێشە جەبرییەكاندا دەیسەلمێنێت، ئەو تایبەتمەندیی چەندان هاوكێشەی گۆڕاوی ژمارە بێ كۆتاكان تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە.



وشە - سۆران عەزیز