بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندیی هەرێم جێبەجێ ناكرێن

:: PM:06:51:13/01/2025 ‌
بەغدا ئەوەی لە بەرژەوەندیی خۆی بێت بە خێرایی دەیەوێ جێبەجێی بكات بەسەر هەرێمدا و دادگای فیدراڵیش بە هەمانشێوە، بەڵام ناگەڕێنەوە بۆ ئەو بڕیارەی كە باسی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە و لە بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی هەرێم بوو.

نەجوا كاكەیی ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی حكوومەتی عێراق دەیكات جیاوازە لە رێككەوتن، ئەو دەیەوێ خۆی و بڕیارەكانی بەسەر هەرێمی كوردستان بسەپێنێت، ئەمەیش لە هیچ شوێنێك نەبووە، كاتێك دوو لایەن پێك دێن دەبێت لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن بێت و هەریەكە و لە داواكاریی خۆی نەرمی بنوێنێت رێك دەكەون، بەڵام بەغدا بەو جۆرە كار ناكات و لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ویستوویەتی خۆی بەسەر هەرێمی كوردستان بسەپێنێت.

ئەو باسی لەوەیش كرد، بەغدا دەیەوێ دەسەڵاتی بەسەر هەرێمی كوردستان هەبێت، بەغدا ئەوەی لە بەرژەوەندیی خۆی بێت بە خێرایی دەیەوێ جێبەجێی بكات بەسەر هەرێمدا و دادگای فیدراڵیش بە هەمانشێوە، بەڵام ناگەڕێنەوە بۆ ئەو بڕیارەی كە باسی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە و لە بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی هەرێم بوو.

لای خۆیەوە ناسر ئیسماعیل شارەزای ئابووری، بە "وشە"ی راگەیاند، لە چوارچێوەی كێشەی مووچەی فەرمانبەران، بەغدا بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێ نەكرد كە باسی دانی مووچەی مانگانە لە كاتی خۆی دەكرد، هەروەها پابەندی یاسای بودجەش نەبوو كە پشكی هەرێمی دیاریكردبوو، هەرێمی كوردستانیش لەوبارەیەوە هەردەم داوای ئەوە دەكات كە كێشەكان بە لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێن نەك جێبەجێكردنی بڕیارەكانی بەغدا بەسەر هەرێم.


وشە/ هۆشیار عەلی


وشە - سه‌رخێڵ هاشم