وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ چۆنێتیی خانەنشینكردنی پێشمەرگایەتی، بڕیاری تازە دەردەكات و لە كاتی خانەنشینكردنیدا، پلەیەكی بەرزتر دەدرێتە پێشمەرگە.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی دارایی لەسەر داوای ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ بەرژەوەندیی پێشمەرگە، ڕێنوێنییەكی هەموار كردووەتەوە.
بەپێی نووسراوەكە كە ڕێنوێنیی دارایی ژمارە 7ی ساڵی 2024یە و تێیدا هاتووە: "بە پشتبەستن بە مادە 46 لە یاسای 38ی خزمەت و خانەنشینیی پێشمەرگە، ئەگەر پێشمەرگە دوای دوو ساڵ لە رێكەوتی شایستەبوونی بۆ پلەبەرزكردنەوە پلەی بەرز نەكرایەوە، ئەوا خانەنشین دەكرێت بە پلەیەكی بەرزتر لە پلەكەی خۆی”.
بەپێی نووسراوەكە، ئەو ڕێنوێنییە، ڕێنوێنییەكی ساڵی 2012ی هەموار كردووەتەوە كە پێشتر چوار ساڵ بوو بۆ رێكەوتی شایستەبوون، بەڵام ئێستە بۆ دوو ساڵ كەم كراوەتەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە رای گەیاند، لە مادەی 46 لە یاسای ژمارە 38ی ساڵی2007دا هاتووە، سوود لە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2010ی یاسای خزمت و خانەنشینیی سەربازیی عێراقی وەردەگیرێت و ڕێنوێنییەكەی دارایی لە بەرژەوەندیی پێشمەرگە كراوە”.
سەرچاوەكە باسی لەوەش كرد، ئەگەر پێشمەرگەیەك كاتی خانەنشینبوونی هات و پلەكەشی بەهۆی نەبوونی میلاك بەرز نەكرابووەوە، یان پلەبەرزكردنەوەی راگیرابوو، ئەوە لە كاتی خانەنشینبوونی بە پلەیەكی بەرزتر خانەنشین دەكرێت، لەو كاتەشدا مووچەكەی بۆ خانەنشینی زیاد دەكات”.