كۆچ و كۆچبەرانی دهۆك: بەغدا ناتوانێ‌ ئاوارەكان بگەڕێنێتەوە

:: PM:02:39:14/01/2025 ‌
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی دهۆك رای گەیاند، حكوومەتی عێراق خۆی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی كە بە زۆر ناتوانن ئاوارەكان بگەڕێننەوە، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی ئاوارەكان بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، پێویستە رێككەوتننامەی شنگال جێبەجێ بكرێت، چونكە ئێستە 55 ھەزار ئاوارە لە ناو كەمپ و دەرەوەی كەمپەكان دەژین.

پیردەیان جەعفەر بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی دهۆك، بە "وشە"ی راگەیاند، ئاوارەكان بەرێژەیەكی زۆر كەم دەگەڕێنەوە، بەجۆرێك ساڵانە 100 خێزانێك دەگەڕێنەوە كە ماوەی سێ ساڵە هەزار خێزان گەڕاونەتەوە و ئەم پرۆسەیە بەردەوامە، بەڵام ئەمە چارەسەر نییە و پێویستە حكوومەتی عێراق بڕیارێك بدات بۆ ئەوەی ئاوارەكان بگەڕێنەوە و ھەركاتێك ئامادەكاری بكرێت ئێمە ئامادەین، چونكە پارساڵ مانگی حەوت بڕیار بوو سەرجەم كەمپەكان دابخرێن و ئاوارەكان بگەڕێنەوە، بڕیارەكە نەچووە واری جێبەجێكردنەوە بەھۆی ئەوەی خۆیان گەیشتنە ئەو بڕوایەی بەوشێوەیە ئاوارەكان ناگەڕێنەوە، چونكە شاندێك هاتن بۆ لای ئێمە و پێمان گوتن، ناكرێت ئاوارەكان بەزۆر بگەڕێنرێنەوە، بۆیە لەو بڕیارە پەشیمان بوونەتەوە.

پیردەیان جەعفەر گوتی، تا رێككەوتنی شنگال جێبەجێ نەكرێت، ئاوارەكان ناگەڕێنەوە و باشترین بڕیار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگال، جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگالە.
 
"ئێستە لە سنووری پارێزگای دھۆك 20 ھەزار خێزان لە ناو كەمپەكان ھەن و 35 ھەزار خێزانی تریش لە دەرەوەی كەمپەكان دەژین، بۆیە ژمارەیان گەلێك زۆرە كە 55 ھەزار خێزان ئاوارەن، پێویستە ئامادەكاری بكرێت ئەوكات بگەڕێنەوە"، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی دهۆك وای گوت.

وشە/ بڵند ئیبراهیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم