پەرلەمانتارێكی عێراق: بەغدا راست ناكات پارەی تەواوی نەناردووە

:: PM:04:29:14/01/2025 ‌
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، بەغدا بۆ ساڵی 2024 تەواوی مووچە و پشكی هەرێمی كوردستان نەناردووە و راست ناكەن كە دەڵێن پارەی تەواومان بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناردووە.

ئەمڕۆ سێشەم 14ی كانونی دووەم، خەلیل غازی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، بەغدا ئەوەی لەبارەی مووچە و ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان دەیڵێت راست ناكات، بۆ ساڵی 2024 تەواوی پارە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەناردووە بۆ هەر 12 مانگەكە.

زیاتر گوتی، پشكی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا 11 تریلیۆن و 576 ملیار دینارە، بەڵام بەغدا بۆ ساڵی 2024 تەنیا 10 تریلیۆن و 26 ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، واتە پابەندی ناردنی پارە نەبووە بۆ هەرێم بەپێی پشكی كوردستان لەیاسا.

لای خۆیەوە نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، ئەویش  ئەوەی بڵاو كردەوە كە "بۆ ساڵی 2024 نزیكەی 10 تریلیۆن و 738 ملیار و 629 ملیۆن دینار بۆ تەمویلی مووچەخۆرانی هەرێم (فەرمانبەران + خانەنشینان + چاودێریی كۆمەڵایەتی) خەرج كراوە، بڕی تەمویلكراو بۆ مووچەی هەرێم لە ساڵی 2024 كەمترە لە كۆی تەرخانكراو بۆ مووچەی هەرێم لە بودجەی 2024 كە بە 11 تریلیۆن و 576 ملیار و 521 ملیۆن و 335 هەزار دینار خەمڵێنرابوو، لە كۆی زیاتر لە 95 تریلیۆن دینار تەرخانكراوی بودجە بۆ مووچەی هەموو مووچەخۆرانی عێراق لە ساڵی 2024".

ئەو بیانووانەی بەغدا لە كاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكانی خۆی بەرانبەر بە ناردنی پشكی هەرێمی كوردستان بە بودجەی عێراق جێبەجێ كردووە. 

وشە/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم