نەزۆكی یەكێكە لە كێشە گەورەكانی هەندێك خێزان، كاتێك بەهۆی بوونی كێشە لە یەكێك لە هاوسەرەكانەوە ناتوانن بەشێوەیەكی ئاسایی وەچە بخەنەوە، ئەوەش رەنگە ژیانیان بگەیەنێتە نائومێدی و پارەیەكی زۆر لە چارەسەری خەرج بكەن، زانكۆی مۆسكۆی حكوومی رای گەیاند كە دەرمانێكی نوێ بۆ نەزۆكیی پیاوان تاقی دەكەنەوە.
وەك
میدیاكانی رووسیا بڵاویان كردەوە، كلینیكی زانكۆیی لە پەیمانگەی مۆسكۆ بۆ توێژینەوەی زانستی، دەستی كردووە بە ئامادەكردنی بەشداران بۆ تاقیكردنەوەی بەشی كلینیكیی دەرمانەكە كە چارەسەری جۆرە سەختەكانی نەزۆكی دەكات.
وەك ئاژانسی "تاس"ی رووسی ئاماژەی بۆ كرد، بەر لە دەركەوتنی ئەو دەرمانە ئەو پیاوانەی جۆرە سەختەكەی نەزۆكییان هەبوو هیچ چارەسەرێكیان بەدەستەوە نەبوو، دەرمانەكە ناوی "میدیریغ"ە و لە خانەكانی مرۆڤ وەرگیراوە، لە ماوەی داهاتوو لەسەر ئەو كەسانە تاقی دەكرێتەوە كە چەند جۆرێكی سەختی نەزۆكییان هەیە وەك ئازۆسپێرمیا، واتە نەمان و نەبوونی سپێرمەكان.
بەپێی زانیارییەكان لە یەكەم و دووەم قۆناغی تاقیكردنەوە كلینیكییەكان كە رەزامەندیی وەزارەتی تەندروستیی رووسیای بەدەست هێناوە، توانا و كاریگەریی ئەو دەرمانە دیاری دەكرێت، ئەو پیاوانەی تەمەنیان لە نێوان 21 و 60 ساڵە دەتوانن بەشداری لە توێژینەوەكەدا بكەن، بە سەركەوتنی دەرمانەكە هیوا بۆ زۆر لە خێزانەكان دەگەڕێتەوە بۆ وەچەخستنەوە، كە لەسەر مشكی تاقیگە كراوە و سەركەوتوو بووە.