لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی فراوان لە نێوان هەرێمی كوردستان و شاندێكی هاوبەشی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمەریكی، سەبارەت بە پرۆسەی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بەڕێوە چوو.
بەگوێرەی راگەیەنراوی سەرۆكایەتيی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا، لایەنی هەرێمی كوردستان كە لە ژمارەیەك بەرپرس و پێوەندیداران لە سەرۆكایەتیی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە پێكهاتبوو، لەگەڵ شاندی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی جەنەراڵ كێڤن لێیهی، فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، هاوئاهەنگى و كاری هاوبەش و پرۆسەی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان، تاوتوێ كرد.
لە تەوەری چاكسازی و ڕێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا، وێڕای خستنەڕووی دوا هەنگاوەكانی پرۆسەكە، گرنگیی پرۆسەكە و كاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشە و ئاستەنگەكانی بەردەمی دووپات كرانەوە.
سەبارەت بە جێبەجێ كردنی قۆناغەكانی داهاتوو، دووپات لە هاوكاری و هاریكاریی هاوبەشی نێوان هەردوولا بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەكە، كرایەوە.
دۆخی گشتیی ناوچەكە، پێشهات و ڕووداوەكانی، تەوەرێكی تری گفتوگۆكانی كۆبوونەوەكە بوون.