10 تۆمەتبار لە هەولێر گیران

:: PM:06:30:14/01/2025 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر گرتنی 10 تۆمەتباری لە هەولێر راگەیاند، كە چەندان تاوانی جۆراوجۆریان ئەنجام داوە.

ئەمڕۆ سێشەم 14ی كانوونی دووەم، لە راگەیەنراوێكدا، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئاشكرای كرد، كە 10 تۆمەتبار گیراون چەند تاوانێكیان ئەنجام داوە وەك، ڕێگریكردن، دزیكردن، تەقەكردن، هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت و هێرشكردنە سەر هاووڵاتییانی كاسبكار.

"بە پاڵپشتی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو هەوڵێكی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ دابینكردنی ئارامی و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان". ئاسایش وا دەڵێ‌.

ئاسایش ژمارەی هێڵی گەرمی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە دا، لە كاتی بوونی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو یان بۆ پێدانی زانیاری دەتوانن پێوەندییان پێوە بكەن لە ڕێگەی ژمارە (066106) .

هەروەها هاووڵاتییان دەتوانن فایلی ڤیدۆ و زانیاری لەسەر واتسەپ یان ڤایبەر لە ڕێگەی ئەم ژمارەوە (07502522728) بۆیان بنێرن.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم