ئەگەرچی ئێران، ئەمەریكا بە شەیتانی گەورە دادەنێت و داوای لەناوچوونی دەكات، بەڵام گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و ترس لە سزا چاوەڕوانكراوەكانی هاتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا لە 20ی ئەم مانگە بۆ كۆشكی سپی وای لە سەرۆكی ئێران كرد داوای گفتوگۆ بكات.
خەریكە ئەو رۆژەی ئێران لێی دەترسێت دێت و زۆر نزیك بووەتەوە، ئەویش دەستبەكاربوونی ترەمپە لە كۆشكی سپی، كە چاوەڕوان دەكرێن بۆ ناچاركردنی تاران بۆ واژووكردنی رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی سزای قورسی بەسەردا بسەپێنێت، بەڵام ئێران زوو خۆی بۆ ئەو رۆژە ئامادە كرد و لە دوایی هەڵبژاردندا مەسعوود پزیشكیان، سەرۆكی ریفۆرمخوازی هێنا پێشەوە.
محەمەد مەهدی تەباتەبائی یاریدەدەری كاروباری پێوەندییەكان و راگەیاندن لە نووسینگەی سەرۆكایەتیی ئێران لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، سبەی چوارشەم سەرۆك پزیشكیان پەیامێكی گرنگ ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، ئەوەش لە میانی گفتوگۆیەكی لەگەڵ كەناڵی "ئێن بی سی"ی ئەمەریكی.
زیاتر گوتی، سەرۆك پزیشكیان دووپات لە خواستی ئێران بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكە و دنیا و ئامادەیی بۆ چوونە ناو گفتوگۆیەكی هاوسەنگ و سەربەرزانە دەكاتەوە، كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئاشتی و كەمكردنەوەی پەرەسەندنە لە ناوچەكە و دنیا، سەركۆنەی شەڕی ئیسرائیل دەكات و ئامادەیە بۆ گفتوگۆیەكی هاوسەنگ.