رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئەمڕۆ بڵاوی كردووەتەوە، ڤایرۆسێكی بكوژ لە وڵاتی تەنزانیا بڵاو بووەتەوە كە تا ئێستە هەشت كەس لەو وڵاتە بەهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە، بۆیە هۆشداریی لەو ڤایرۆسە دەدات.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم 15ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، لەبارەی ئەو ڤایرۆسەوە تیدروس ئەدناهۆم گیبریسوس بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە "ئێكس" بڵاوی كردووەتەوە، ئێمە لەبارەی ئەو ڤایرۆسەوە كە "ماربۆرگ"ـە و لە تەنزانیا بڵاو بووەتەوە، ئاگادارین كە نۆ حەڵەتی تووشبوو هەبووە و هەشت لەوان گیانیان لە دەست داوە.
ئەوەشی گوت كە پێشبینی دەكەن ئەگەر لە رۆژانی داهاتوو چاودێرییەكانیان چڕتر بكەنەوە، رەنگە حاڵەتەكان زیاتر ببن. بۆ ئەوەیش رێكخراوی تەندروستیی جیهانی تەواوی هاوكارییەكانی بۆ حكوومەتی ئەو وڵاتە خستووەتەڕوو و ئەوانەی زیانیان بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە پێ كەوتووە.
ئەو هۆشدارییە دوای كەمتر لە مانگێك دێ كە رێكخراوەكە، ڤایرۆسی "ماربۆرگ"ی لە ماوەی سێ مانگ لە رواندا بڵاو كردەوە كە بووە هۆی مردنی 15 كەس.
باس لەوە دەكرێ كە ڤایرۆسی ماربۆرگ دەبێتە هۆی خوێنبەربوونی توند، ڤایرۆسەكە لە شەمشەمەكوێرەی رووەكەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، دروست وەك خێزانی ڤایرۆسەكانی ئێبۆلا.
ئاماژە بەوەش دراوە كە ڤایرۆسی ماربۆرگ مرۆڤ تووشی خوێنبەربوون و شكستی گورچیلەكانی دەكات. تووشارانی ئەو ڤایرۆسە وەك رێكخراوەكە رۆشنایی خستووەتەسەر، 90%یان گیان لە دەست دەدەن.