گفتوگۆ لەگەڵ مارک لینچ: ئایا ئاگربەستی غەزە بەردەوام دەبێت؟

:: PM:10:54:18/01/2025 ‌
دوای زیاتر لە ساڵێک، ئیسرائیل و حەماس ڕێککەوتنی ئاگربەستیان ئەنجامدا. ئاگربەستە سێ قۆناغییەکە کە هەفتەی داهاتوو دەست پێ دەکات، شەڕەکان بۆ ماوەی 42 ڕۆژ دەوەستێنێت. لەو ماوەیەدا ئیسرائیل لە ناوچە پڕ دانیشتووەکانی کەرتی غەزە دەکشێتەوە و ڕێگە بە کاروانی یارمەتییەکان دەدات بچنە ژوورەوە، حەماس 33 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکات، ئیسرائیلیش سەدان زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکات. هەردوولا بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکردن بەو هیوایەی دوو قۆناغی داهاتووی گرێبەستەکە مسۆگەر بکەن، کە بارمتە ماوەکان ئازاد بکات و ئاگربەستەکە بکاتە هەمیشەیی.

بە لەبەرچاوگرتنی زیانە زۆرەکانی شەڕەکە لەسەر غەزە، لانی کەم 46 هەزار فەلەستینی لە دوای هێرشەکانی حەوتى ئۆکتۆبەرەوە کوژراون خەڵک لە هەموو شوێنێک ئاسوودەیی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بەو ڕێککەوتنە. بەڵام وێرانکاری و ململانێی ناوچەیی کە بەدوایدا هات، جیهانی گۆڕیوە و داهاتووش تاریکە. بۆ باشتر تێگەیشتن لەوەی ئاگربەست بۆ ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی دەگەیەنێت، کاروباری دەرەوە ڕووی لە "مارک لینچ" مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن و بەڕێوەبەری پرۆگرامی توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

پێشبینی دەکەیت لە غەزە چی ڕووبدات کاتێک شەڕەکە وەستا؟
هەر شتێک کە کوشتارەکە بوەستێنێت و ڕێگە بە فەلەستینییەکان بدات غەزە ئاوەدان بکەنەوە، پێشوازیی لێ دەکرێت. بەڵام لە واقیعدا شتەکان جیاوازن و بە هەڵەماندا دەبەن. من چاوم لەسەر هاوکارییە مرۆییەکان بوو بۆ ئەوەی هەست بکەم کە شتەکان چۆن دەگوزەرێن. ئەگەر یارمەتییەکی ڕاستەقینە بەدەست بهێنیت، نەک تەنیا خۆراک و دەرمان بەڵکو کەرەستەی دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی وێران، ئەوە دەتوانێت فاکتەرێكی کارا بێت بۆ ڕزگاربوون لە ئازارەکانی هاووڵاتییانی مەدەنیی فەلەستین و ئاگربەستەکە بخاتە سەر ڕێگایەکی تۆکمە. بەڵام بە درێژایی ئەم ململانێیە، ئیسرائیل لە ژێر فشاری ئەمەریکادا ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان. هەروەها لە زۆربەی کاتەکاندا، ئەوە بەڕاستی ڕوو نادات. کەواتە بە تەواوی ئەگەری ئەوە هەیە کە لە کۆتاییدا کۆتایی بە توندوتیژیی ڕاستەوخۆ بهێنیت بەڵام زیادبوونی یارمەتییەکان لەسەر کاخەز کە لە ڕاستیدا مانای زۆری نییە بۆ خەڵکی کە لە واقیعەکەدان. لەوانەیە هێشتا خەڵک نەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان و دەست بکەن بە ئاوەدانکردنەوە.

پێت وایە ئیسرائیل و حەماس بتوانن ڕێککەوتنەکە بپارێزن؟
زۆر قورس دەبێت. بەداخەوە، هەستی من ئەوەیە کە زۆر بەدووری دەزانم قۆناغی یەکەم تێپەڕین و بەرەو ئاشتییەکی هەمیشەیی بڕۆین. لە هەردوو لایەنەوە دەرگایەکی بێکۆتایی بۆ تێکدەراکان هەیە و ناکۆکییە رژدەکان لەبارەی وردەکارییەکانی هەنگاوەکانی داهاتووی ڕێککەوتنەکە ماونەتەوە. لە ئیسرائیل زۆر کەس هەن کە حەز دەکەن ئەم شەڕە تا کاتێکی نادیار بەردەوام بێت. ڕەنگە بیانەوێت باکوری غەزە وەک ناوچەیەکی گۆشەگیرکراو  بەهەمیشەیی بهێڵنەوە. ڕەنگە بیانەوێت دانیشتووانەکەی لابەرن و پاشان نیشتەجێیان بکەنەوە. ڕەنگە بیانەوێت هەوڵی لەناوبردنی تەواوەتی حەماس بدەن، وەک ئەوەی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنی دابوو. یان ڕەنگە شەڕی هەمیشەییان بوێت وەک کەڤەرێک بۆ کردەوەی شەڕانگێزی لە شوێنەکانی تر، وەک لە کەناری ڕۆژئاوا. 

لە لایەنی فەلەستینییەوە، دەرفەتی زۆر هەیە بۆ توندوتیژی تێکدەران لەلایەن لایەنە توندڕەوەکانەوە، کە حەزیان لە شێوازی بەڕێوەچوونی بارودۆخەکە نییە، هەروەها لەلایەن کەسانێکەوە کە تەنیا دەیانەوێت تۆڵەی هەموو ئەو شتە ترسناکانە بکەنەوە کە بەرامبەریان کراوە، ئەگەر توندوتیژییەکی لەمشێوەیە ڕوو بدات، ئیسرائیلییەکان بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵام نادەنەوە، تەنانەت ئەگەر توندوتیژییەکی لەمشێوەیەش ڕوو نەدات، ئیسرائیل دەتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە بەڵگەی ئەوەی هەیە حەماس خۆی ڕێک دەخاتەوە و ئاگربەست پێشێل دەکات. پاشان بۆردمانکردن دەست پێ دەکاتەوە، بۆیە پێموایە هەرکەسێک سەیری ئەم ڕێککەوتنە بکات دەزانێت کە چەندە فشەڵە.

دانوسانکارانی ئەمەریکی چەند مانگێکە پاڵ بە ئیسرائیلییەکانەوە دەنێن کە بەمجۆرە ڕێککەوتنە ڕازی بن، پێت وایە بۆچی حکوومەت تەنیا ئێستە واژووی لەسەر کردووە؟

ئیدارەی جۆ بایدن ماوەیەکی زۆر درێژ هەوڵی ئەو ئاگربەستە دەدات، بەڵام هەرگیز ئامادە نەبوون هیچ پاڵپشتییەک بۆ ئەنجام دانی دروست بکەن. بەڕاستی هەرگیز هیچ مەرجێکیان بۆ گەیاندنی چەک دانەنا، ئەوەی ئێستە بەدەستمان هێناوە زنجیرە هەوڵێكی بێکۆتایی بەرپرسانی ئەمەریکی بووە کە گلەییان لە ئیسرائیل کردووە کە پابەند نین، یان ڕێگە بە کارەکان نادەن، دواتر ئەوەی دەیبینین ڕاگەیاندنی بارێکی ترى چەک بووە بۆ ئیسرائیل، بۆیە ئەگەر من نەتەنیاهۆ بم، سەرنجم لەسەر مانەوەی سیاسیی خۆمە و دڵنیام لەوەی واشنتن بەڕاستی هیچ ناکات، بەڕاستی هیچ هۆکارێکم نییە بۆ ئەوەی تیمەکەی بایدن بە رژدى وەربگرم. ئەوە خراپەکارییەکی دیپلۆماسی ڕەهایە.

بەڵام لەگەڵ هاتنی ئیدارەی نوێ، هۆکارێکی باش هەیە بۆ ئەوەی نەتەنیاهۆ هەوڵی هەڵدانەوەی لاپەڕەيەکی نوێ بدات، لەناو ئیسرائیلدا هەستێک هەیە کە شەڕی غەزە تا ڕادەیەکی زۆر ڕێڕەوی خۆی تەواو کردووە. زۆر شتی تر نییە کە لە ڕێگەی ئەم ڕێبازەی ئێستەوە ئەنجام بدرێت، کەواتە ئاشتیی کاتی شتێکە کە دەتوانرێت پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ بکرێت. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەوان لە بەرامبەردا چاوەڕوانی چی دەکەن، وەک گڵۆپی سەوز بۆ فراوانکردنی کۆنترۆڵی کەناری ڕۆژئاوا.

کۆتایی هاتنی شەڕەکە چ مانایەکی هەیە بۆ ئامانجەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی ئیسرائیل و سعوودیە؟
لە سەرانسەری جیهانی عەرەبیدا، هەستی گشتی ئەوەیە کە ئەمەریکا هاوکار و پاڵپشت بووە لە کوشتارگەلێک دژی گەلی فەلەستین. ئاگربەستێک کە دوای ئەوەی زۆر کەس مردن و زۆر شت لەناوچوون هاتوتە ئاراوە، ئەمەش نابێتە هۆی ئەوەی هەست بە باشتربوونی وێنەی ئەمەریکا بکەن، چونکە ئاگربەستەکە زۆر درەنگ کەوت.

بەڵام پێ دەچێت هاوبەشییەکانمان لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو بە تەواوی بەهێز بن، هاوپەیمانییەکانمان نەگۆڕاون، سەرکردە عەرەبییەکان ناتوانن بۆچوونی دانیشتووانەکانیان لە بەرچاو نەگرن، هەر بۆیە دوای غەزە، محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئێستە کاتێکی باش نابێت بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە ئاساییکردنەوە، بەڵام ئەگەر هاووڵاتییانی ئەو ڕۆژانە لە تەلەفزیۆنەکاندا مەرگ و ماڵوێرانی نەبینن، ڕەنگە ئەم بابەتە بگۆڕێت. کەواتە ڕەنگە ئاگربەستەکە دەرفەتی زیاتر بۆ دەوڵەتە عەرەبییەکان دروست بکات بۆ گرتنەبەری سیاسەت و هەڵوێستی وەک ئاساییکردنەوە، کە ئەمەش دەبێتە یەکەمایەتی سەرەکی بۆ ترەمپ.

ئایا ئاگربەست دەتوانێت ئەو شەڕە ناوچەییە کەم بکاتەوە کە لە حەوتى ئۆکتۆبەرەوە ڕوو دەدات؟
سەختە ئەوە بزانرێت. ڕەنگە لە ئاستێکدا ئیسرائیل بڵێت ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆی بەدەستهێناوە، ئێرانی لاواز کردووە، شەڕی غەزە لە بنەڕەتدا کۆتایی هاتووە و حزبوڵا چارە کراوە، لەوانەیە بڕیار بدات کە ئێستە بچێتە سەر بابەتی داهاتوو، بەڵام بە هەمان شێوە بە ئاسانی دەتوانیت ئیسرائیل ببینیت کە دەڵێت "ئێمە ئیدارەیەکی ئەمەریکای لە ڕادەبەدەر دژە ئێرانمان لە پێشە کاتی ئەوە هاتووە کارەکە تەواو بکەین". پاشان دەتوانێت شەڕێکی گەورەتر لەگەڵ ئێران دەست پێ بکات، پێموایە وەڵامەکە زۆر بە قووڵی تێهەڵکێشە لەگەڵ پێشبینیی ترەمپ بۆ ناوچەکە و لەگەڵ پرسیارە سیاسییە ناوخۆییەکانی ئیسرائیلدا تێکەڵ دەبێت.

کەواتە با ڕوو لە سیاسەتی ئیسرائیل بکەین، ئایا ئاگربەست چۆن ئەو شتانە لە قاڵب دەدات کە لە وڵاتەکەدا ڕوو دەدات؟
بەڕاستی سیاسەتی ئیسرائیل لەگەڵ حەوتی ئۆکتۆبەر و پاشهاتەکانیدا بە تەواوی خەرج کراوە، ئەوەش دەتوانێت بە ئاگربەست و گەڕانەوەی بارمتەکان بگۆڕێت، دەکرێت گفتوگۆ بگەڕێتەوە بۆ پرسەکانی دیموکراسی و دامەزراوەکان، وەک هەوڵەکانی نەتەنیاهۆ بۆ لاوازکردنی دادگای باڵای ئیسرائیل، کە پاڵنەر بوو بۆ ناڕەزایەتییەکان پێش حەوتی تشرینی یەکەم. یانیش لەوانەیە هەڵبژاردن حکوومەتەکەی ڕزگار بکەن ئەگەر کەسانی توندڕەوی وەک ئیتامار بن گڤیر و بێزالێل سمۆتریچ وەک ناڕەزایەتییەک هاوپەیمانییەکە بەجێبهێڵن.

لە هەموو بارێکدا ئەو توندڕەوانە نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سیاسەتی ئاسایی، ئەوان دەیانەوێت بەردەوام بن لە قۆستنەوەی دەرفەتی ئەم قەیرانە بەردەوامە بۆ توندوتیژی زیاتر بۆ شتگەلێکی وەک زیاتر بەهێزکردنی دانیشتووانی ئیسرائیل، یان خێراکردنی لکاندنی کەناری ڕۆژئاوا، هەروەها نەتەنیاهۆ نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی ئاسایی، چونکە ئەوە دەتوانێت ناڕەزایەتی نوێ بکاتەوە یان تەنانەت بیباتە سەر ڕێگای زیندان. "نەتەنیاهۆ بە تۆمەتی گەندەڵی دادگایی دەکرێت".

نەتەنیاهۆ بە درێژایی ژیانی پیشەیی خۆی نیشانی داوە کە هیچ نیازێکی نییە بەبێ شەڕ پۆستەکەی جێبهێڵێت. بۆیە پێموایە زۆرێک لەو شتانەی کە دەیبینین، چ لە ڕووی پابەندبوون بە ئاگربەست و چ لە ڕووی پێشهاتەکانی ناو ئیسرائیلەوە، بەو شێوەیە دەبێت کە نەتەنیاهۆ لەگەڵ کێ هاوتەریب دەبێت بۆ ئەوەی وەک سەرۆک وەزیران بمێنێتەوە.

لەگەڵ پاشەکشەی هێزەکانی ئیسرائیل، پێتوایە کێ حوکمڕانی غەزە دەکات؟
ئەوەی من چاوەڕێی دەکەم لە هەفتەکانی داهاتوودا هەندێک هەوڵ بدرێت بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی فەلەستین لە غەزە، لەوانەیە ئەمە هاوکات بێت لەگەڵ گۆڕانکاری لە سەرکردایەتییەکەیان و وەرگرتنی پارە بۆ ڕێکخراوەکە لە وڵاتانی کەنداوەوە، ئومێدەکە ئەوە دەبێت کە دەسەڵاتی فەلەستین بتوانێت لە غەزە ئەو کارە بکات کە لە کەرتی ڕۆژئاوا دەیکەن، ئەویش ئەوەیە کە وەک بریکارێک بۆ ئیسرائیل مامەڵە بکات و وەک هێزێکی پۆلیس خزمەت بکات بۆ پاراستنی ڕێکوپێکی و ڕێگری کردن لە بەرخۆدان و بەرەنگاربوونەوەی حەماس.

بەڵام ئەوە ئەرکێکی قورسە، دەسەڵاتی فەلەستین ئەمڕۆ لە کەرتی ڕۆژئاوا توێکڵێکە لە خودی پێشووی خۆی جێماوە، لەڕادەبەدەر ناجەماوەرییە و بەنزیکەیی هیچ شەرعییەتێکی نییە، لە ژێر کۆتوبەندی پارەدارکردنی ئیسرائیل دایە و فشاری لەسەرە بەهۆی فراوانبوونی بێ وچانی دانیشتووانی ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی کە بە ڕواڵەت بەڕێوەی دەبات، بۆیە پێموایە ئەم پلانە تووشی هەندێک کێشە دەبێت لە هەموو حاڵەتێکدا.

ئایا ئەوە مانای ئەوەیە حەماس لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە؟
دیارە حەماس لە دۆخێکی زۆر سەخت دایە، بەڕاستی خەڵکێکی زۆر لە غەزە لێیان ناڕەحەتن، لە ڕووی ڕێکخراوەیی و دامەزراوەییەوە لەناوچوون، ئەوان سپۆنسەری نێودەوڵەتییان لەدەست داوە، بەڵام ئەوە ناتوانێت ئەو واقیعە بسڕێتەوە کە حەماس وەک تاکە ڕێکخراوی سیاسی دەمێنێتەوە کە توانای ڕاستەقینەی کۆنترۆڵکردنی شتەکانی غەزەی هەیە، ئەگەر ئاگربەستەکە نەتوانێت ژیانی فەلەستینییەکان بە خێرایی باشتر بکات و ئەگەر هیچ بەدیلێکی حوکمڕانی شەرعی سەر هەڵ نەدات، ئەوا گرووپەکە دەتوانێت هێزەکەی بەدەست بهێنێتەوە. ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕای گەیاند، شەڕی ئیسرائیل وای کردووە ژمارەیەکی زیاتری خەڵک بچنە ناو ڕیزەکانی حەماسەوە لەوەی کە بەهۆی کردەوەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.

ئێستە لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەر، هیچ ڕێگەیەک نییە ئیسرائیل ڕێگە بە حەماس بدات بە هەر جۆرە بەشدارییەکی فەرمی لە حکوومەتدا، بەڵام ئەگەر لە ڕاستیدا سەیری هەنگاوەکان بکەین بەرەو بنیاتنانەوەی حوکمڕانی لە غەزە و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە خێرایی، پێموایە دەبێت جۆرێک لە ڕێککەوتنی بێدەنگ هەبێت بۆ ئەوەی حەماس بەردەوام بێت لە بوونی خۆی، دیارە ئەوە بەدوور نازانرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئیسرائیلییەکان لە ڕابردوودا چۆن مامەڵەیان لەگەڵ حەماس کردووە و ئەو ئامانجانەی شەڕ کە بۆ خۆیانیان داناوە، هەروەها تەنانەت ئەگەر بتوانن ڕێککەوتنێکی بێدەنگی لەو شێوەیە لە قۆناغی یەکەمدا بهێڵنەوە، ڕۆڵی حەماس دەبێت لە هەر هەنگاوێکدا بۆ قۆناغی دووەم مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە کاریگەرەکان کە پێناچێت ڕێککەوتنی ئاگربەست ئاشتییەکی بەردەوام بهێنێتە دی.

من وا دەزانم ئێوە ئەم ئاگربەستە وەک سەرەتای چارەسەری دوو دەوڵەتی نابینن، وەک هەندێک لە بەرپرسانی حکوومەت پێشنیاریان کردووە؟

بە هیچ شێوەیەک نا، من هیچ بەڵگەیەک نابینم کە ئێمە لە چارەسەری دوو دەوڵەتی نزیک بین، ماوەیەک لەمەوبەر هاوکار بووم لە نووسینی بابەتێکدا لە "فۆرن ئەفێرز" کە باسم لەوە دەکرد ئیسرائیل و خاکەکانی فەلەستین یەک دەوڵەت پێکدەهێنن و ئێستا واقیعی یەک دەوڵەت زیاتر لە ئارا دایە. ئیسرائیل بەردەوامە لە فراوانکردنی ئامادەیی خۆی لە کەرتی ڕۆژئاوادا، دەست بەسەر خاکدا دەگرێت و ئەو پێکهاتە و ڕێسایانە تێک دەدات کە فەلەستینییەکان بواریان بۆ حوکمڕانی سەربەخۆ پێ بەخشیبوو. پێشتر هەندێک کەس دەیانگوت غەزە تەنیا لەژێر کۆنترۆڵی ناڕاستەوخۆی ئیسرائیل دایە لە ڕێگەی گەمارۆکانەوە، باشە ئێستەش بڕیارە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆتری ئیسرائیلدا بێت، ڕێککەوتنی شەڕ و ئاگربەست تەنیا پارادایمی یەک دەوڵەتی بەهێزتر کردووە.

هەندێک کەس بەردەوام باس لە چارەسەری دوو دەوڵەت دەکەن وەک ڕێگەیەک بۆ دەرباز بوون، چونکە ئەوە کارەکەیانە، بەڵام ئەوە ڕوو نادات. ئێستەش، پێ ناچێت ئیدارەی ترەمپ بە تایبەتی ئارەزووی ئەوە دەکات کە بە ڕواڵەت وا خۆی نیشان بدات کە بەدوای چارەسەری دوو دەوڵەتیدا دەگەڕێت، بۆیە تەنانەت باسی دوو دەوڵەت زۆر بە سادەیی نامێنێت.


فۆرن ئەفێرز 17-1-2025
وەرگێڕانی وشە


وشە - پۆڵا مەحموود